✓ مامۆستا ئاسۆ

هێند دڵم تەنگە دەڵێم بەم شەوە لەم شارە بڕۆم
لە وڵاتێ کە جەفا حاکم و سالارە بڕۆم

نە وەفا لای کەسوکارە و نە سەفای ماوە ژیان
با لە دەس بێبەزەیی هەرچی کەسوکارە برۆم

نە گوڵستانێ دەبینی، نە گوڵێ پێ دەکەنێ
شەرتە لەو شوێنە کە بولبول قەفەسی خارە بڕۆم

خۆشترین دەنگی شەوانەم غەزەلی ڕەنج و غەمە
لێم گەڕێن با بە غەمینی، منی بێچارە بڕۆم

کێ دەزانێ چ لە نێو ئەم دڵەدا ڕادەبری
خۆزگە بەو ڕۆژە بە تەنیا وەکوو ئاوارە بڕۆم

دەوروبەر چەشنی نەخۆشخانەیە دوکتۆرێ نییە
شەرتە لەو جێگە کە دەرمان هەموو وەک ژارە بڕۆم

بۆ دەبێ هەستی ئەوین ژێردەسی پارە و پەلە بێ
لە وڵاتێ کە ئەوین دایمە لە پای دارە بڕۆم

تەمە چارشێوی شێعر، سونبولە ڕووبەندی وشە
با لە ئەو جێ کە شێعر هستی بریندارە بڕۆم

چونکە زۆرداری بەرەندەی گرەوی ئەم گەلەیە
عەهدە لەو جێگە بە دەس تاقمی بێعارە بڕۆم

یارمەتی دا کەسێ «ئاسۆ» لە دەس ئەم ژینە دەبا
تاکوو ئەو شوێنە ئەوین سەروەر و سەردارە بڕۆم

Kurdish_Poetry