٤١٠١
✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)
لە واگۆنی نامۆییدا
سێ قەڵەم بووین
پێک گەیشتین
لە دوای ئەوەی، وشەکانمان
باوەشیان کرد بە یەکتردا و
زامەکانمان یەکیان ماچ کرد
یەک کابینەیش بوو بە قەڵەمدانی ئێمە و
تیا دانیشتین
شیلی
فەلەستین
کوردستان
لەناو سەنگەری هەواڵ و ناڵە و گرمەی دەنگوباسدا
هاتینە سەر سێڕێیانی
ژمارەی قۆچی قوربانی
شیلی لەسەر
پشتی بلیتەکەی نووسی
هەزاران هەزار قوربانی
فەلەستینیش لیستەی ئامارێکی پێ بوو
لەو ژمارەیەی تێ پەڕان
من ژمارەم بۆ نەنووسین
لیستەیشم بۆ دەر نەهێنان
لە پەنجەرەی واگۆنەوە
بە ئاماژەی پەنجەکانم
لقوپۆپ و گەڵا و چڵی
بێشەیەکم پێ نیشاندان
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/11/15 ـدا کاتژمێر 22:28 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|