٤٠٣٨
✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)
هەر وەختێ باخ
گوێی لە خشەخشی گەڵا وەریوەکانی
ژێر خۆی بوو
ئینجا ئیتر لەبەر خۆوە
ئەکەوێتە ورتەورت و
گێڕانەوەی بەهارەکانی یادگار
✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)
هەر وەختێ باخ
گوێی لە خشەخشی گەڵا وەریوەکانی
ژێر خۆی بوو
ئینجا ئیتر لەبەر خۆوە
ئەکەوێتە ورتەورت و
گێڕانەوەی بەهارەکانی یادگار
✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)
ئەگەڕێین
بۆ سیمای ونی هەزارساڵە
بۆ پەیامی بێڕابەرمان
بۆ دروشم و ناونیشانی دڵی خۆمان
بۆ پەنجەمان
بۆ رەنگ
بۆ دەنگ
بۆ شێوەمان
بۆ کیشوەری بێنەخشەمان
✓ شێرکۆ بێکەس
ئەی گیانی گیان!
لەسەر ماچی پەلکەگیایەک
لێوی جۆگەیەکیان بڕیم.
لەسەر فڕینی شیعرێکم
هەوریان بە داو بۆ نامەوە.
لەسەر نەڕەی شەپۆلێکم
تاڤگەیەکیان خنکاندم.
لەسەر حیلەی لووتکەیەکم
بنارەکانیان لە مێخ دام.
ئەی گیانی گیان!
گۆمێ شێت بوو وەختێ لە مانگیان دابڕی.
مانگیش شێت بوو وەختێ لە هەوریان دابڕی.
هەوریش شێت بوو وەختێ لە شاخیان دابڕی.
شاخیش شێت بوو وەختێ لە بەفریان دابڕی.
بەفریش شێت بوو وەختێ لە عەردیان دابڕی.
عەردیش شێت بوو وەختێ لە خەڵکیان دابڕی.
✓ شێرکۆ بێکەس
نیشتمان! من ناوت لێ ئەنێم گڵمتکێ
ئەوەندەی لە مشتی شیعرێکما تۆ جێگەت بێتەوە
وا خۆیشم ناو ئەنێم قومێ ئاو
ئەوەندەی لە پێڵووی بەردێکتا
من جێگەم بێتەوە
✓ شێرکۆ بێکەس
من ناوم دیوارە
کەوتوومەتە سەر شەقامێکی گشتی
بە درێژاییی بێزاری درێژم و
بە بەرزیی تووڕەبوونیش بەرز
هەرچی درووشمەکانە بە منا هەڵەواسرێن
هەرچی پۆستەرەکانە لە من ئەدرێن
لە سەد درووشم یەکێکیانی تیا نییە شتێکم فێر کا
لە سەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە دڵم خۆش کا
هەر دوێنێ بوو لە سەرمەوە تا کەڵەموستی پێم
درووشمێکیان پیا هەڵواسیم
کە خوێندمەوە شەرم تەریقی کردمەوە
من دیواری وڵاتێک بم
درۆی کەتە و گەورەی وەهای پیا هەڵواسرێت
✓ شێرکۆ بێکەس
مەولانە نمەی وەجدی خوای
وەکوو فرمێسک
لە پێڵودا هەڵگرتبوو
بۆیە وەختێ کە بەسەر شەودا ئەگریا و
لە دوو ئاوانی ئیشراقا ئەتوایەوە
دڵۆپەکان
لە خەڵوەتا
ئەبوون بە ڕیزەچرای نوو
✓ شێرکۆ بێکەس
ئەم بەردەوام گومانێ بوو
یەخەی گەردوونێکی ئەگرت
پرسیارێ بوو
لەناو پرسیارێکی تردا
پرسیارێکی دیکەی ئەکرد
✓ شێرکۆ بێکەس
تەنیا هەر چرای دەس کوردایەتی
شەوی خاکەکەم ڕوون ئەکاتەوە
بەتەنیا بازووی ڕێی مەردایەتی
تەوقی گەردنم - لێک ئەکاتەوە -
✓ شێرکۆ بێکەس
لەو شەوەدا
لەو دۆڵەدا
چراکان کوژابوونەوە
تاقەچرایەک ئەسووتا
ئەویش چرای شاعیرێ بوو
بە دیار برینی نەنووستووی
شیعرێکەوە دانیشتبوو
✓ شێرکۆ بێکەس
شیعرەکانم کچێکیان کرد بە هاوڕێم.
ئەم کچە فریشتەی ئاوی بوو،
لە دوورگەی خەون و خەیاڵەوە هاتبوو،
نیوەی لەشی ماسی و
نیوەکەی تری ئادەمی بوو، ئەبریسکایەوە،
ئاوازێکی ئاڕووشەی داگیرساو بوو.
نەوڕەسێکی مێیینە بوو.
کە لێم پرسی تۆ خەڵکی کوێی؟ پرشنگی دایەوە و
وتی: «من خەڵکی نیشتمانی هونەرم
باوکم ناوی شیعرە و
دایکم ناوی مۆسیقایە و
هەر ئەوەندە لە ڕەچەڵەکی خۆم ئەزانم»!
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ ئاودا مەوجمان دایەوە.
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ سنەوبەرەکاندا سەمامان کرد.
لەگەڵ بادەدا
ماچی مانگەشەو و ڕوومەتی هەورمان کرد.
لەگەڵ گیتارژەنەکانی ناو کۆڵانی ئاودا
خۆشەویستیمان خواردەوە.
لەتەک ماسیگرەکاندا
لە قووڵاییی زەریا ورد بووینەوە.
لەتەک گەڕیدەکاندا
گۆرانیمان وت و عەشقنامەمان خوێندەوە.
لەسەر پەلکەڕەنگینە دیلانێمان کرد و
خۆمان لە ئەستێرکی خەرمانە هەڵکێشا
دوو کڵاوی پووشیی دەستکردمان کڕی و
لە دواییشدا دامان بەدەم جۆگەیەکەوە.