٤٣٢٧
✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)
لە بازاڕدا
لە مێردمنداڵێکم پرسی
- نوقڵت ئەوێ یان شیعرێکی
ترش و شیرین؟
- نوقڵ
کرێکارێک سەری هێنابووە پێشەوە
دەموچاوی هەر لە پەنجەکێشی ئەچوو
- ئەی تۆ نامیلکەیەکی سیاسیی تازە و گەرم
یان کولێرەیەک لە دەمی مردوو ساردتر؟
- کولێرەیەک.
- ئەی تۆ دایکە ڕەشپۆشەکە؟
ئاگردان و نێڵەنێڵی تەندووری ناو
پەیڕەوی هەموو حیزبەکان
یاخود تەنەکەیەک نەوت؟
- نەوت... نەوت!
دوایی بە هەر سێکیانم وت:
نوقڵی تاڵ و
سەرمای تاڵ و
نانی تاڵ و
ئاوی تاڵ و
یاخود عەزیا و چاوی بەعس و
پێکەنینی «ئەبوو نەدا»؟!
وەختێ لێیان ورد بوومەوە
وەکوو برسییەتی گرژ بوون
وەکوو بازاڕ سارد بوونەوە و
بەدەم ڕۆیشتنەوە وتیان
- بڵێ مەرگ و زەهری مار و
هەر ئەوان نا!
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/6/28 ـدا کاتژمێر 23:11 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|