٣٧٨٦

 

✓ سالم

تیروەش دەی مەهـ گوزەشت و عەهدی نیسان هاتەوە
بولبولی بێدڵ لە دەوری گوڵ بە ئەفغان هاتەوە

سەختگیری کرد ئەگەر سەرما وەکوو ئەفراسیاب
بادی نەورۆزی بەمیسلی پووری دەستان هاتەوە

لەشکری گوڵ جوملە خەندانن دەڵێن سەرما شکا
تا سولەیمانی سەبا بۆ دێوی زستان هاتەوە

باغە پەژموردەی خەزان و خوڕڕەمی ئەوقاتی حووت
ماهی نەورۆزی بەعەکسی ماهی ئابان هاتەوە

بای شەماڵ هێنایە جونبوش قامەتی سەروی سەهی
بۆ خیابانی چەمەن قومری بە ناڵان هاتەوە

سارە دڵدادەی شکۆفەی شاخساری تەرفی باغ
بێخود و ڕەققاس و سەرمەست و غەزەلخوان هاتەوە

بۆ شکۆفەی تیفلواری یەکشەبەی شاخی درەخت
ڕەحمەتی ئیزەد لەگەڵ هەر قەترە باران هاتەوە

ڕووبەڕووی تیفلی نەباتاتی چەمەن موشتاقوار
دایەیی ئەبری بەهاری ئەشکڕێزان هاتەوە

دەنگی سەد ڕەنگی کوڵنگ و قاز و سۆنە و بۆرچین
سازوەش هەر سوو لە گوێی سەبزە و شەتاوان هاتەوە

سەیری گوڵشەن کەن لە چیهرەی گوڵ شەوی ئوردیبیهیشت
هەر تەرەف بۆ مەجلیسی بولبول چراغان هاتەوە

سەبزە وەک مەخمەڵ لە هەر جا فەرشە بۆ سەحنی چەمەن
مەوسیمی عەیش و تەرەب بۆ مەیپەرستان هاتەوە

بۆ دەماغم عەهدی گوڵ ئەفسوردەگی سەردی نەما
تا لە گوڵشەندا بە سەرما بۆیی ڕەیحان هاتەوە

Kurdish_Poetry

٣٧٥٤

 

✓ سالم

دیدە بێ دیداری دڵبەر تارە، مەستووری نەکا
خۆیشی نەزدیکە لە نەزدیکم، بڵا دووری نەکا

دەهری دوون ناپایەدار و نازەنینان بێخەبەر
بەم قەرارە، حەیفە، با مەعشووقە مەغرووری نەکا

عاشقی مسکین قوبووڵی تەبعی دڵبەر کەی دەبێ
تا قوبووڵی غوربەت و ئەندووهـ و ڕەنجووری نەکا

داخڵی بەزمی حەقیقەت کەی دەبێ پیری سولووک
تا بە خوێنی دوختەری ڕەز خەرقە ئەنگووری نەکا

سیڕڕی مەستانی عەیان کرد، مەهـ لە پەردەی تیرەشەو
چاوەکەت توهمەت بە شوعلەی شەمعی کافووری نەکا

ئاسمان، «سالم» لەگەڵ یەک خەندە سەد شیوەن دەدا
دڵ نەسیحەت کە بڵا قەد مەیلی مەغرووری نەکا

Kurdish_Poetry

٣٧١٣

 

✓ سالم

بە هەر موویێ لە ڕوو زوڵفت بەداوە
گوزاری مورغی دڵ ئەسڵەن نەماوە

لە ڕەعدی گریە ئەشکم بوو بە سەیلابی
لە کولبەی دیدە مەردوم غەرقی ئاوە

گوزاری غەم بەسەر مندایە هەر سوو
دەری شادی بەڕووما داخراوە

لە بەدبەختی منا کولبەی هەتیویم
بە زستان سێبەر و هاوین هەتاوە

گوڵی ڕووت عەکسی وا داوە لە دیدەم
هەموو قەترەی سروشکم وەک گوڵاوە

هەتا دەمرم لە سەودای زوڵفی تۆدام
ئەگەرچی سەربەسەر فیکرێکی خاوە

ڕەقیب دەستی ڕەفیقی نایە دەستم
حەقیقەت پەنجەیی «سالم» گڵاوە

Kurdish_Poetry

٣٦٩٥

 

✓ سالم

ئەو کەسە دایم لە دڵدا مەیلی بۆ ئازارمە
ڕۆژ و شەب بۆ تەندروستی ئەو، دوعا ئیشعارمە

جۆشی گریەم ئەشکی ئاڵی وا بە دامەن ڕیتووە
دەشتی ڕەی تا دێتە بەر چاوم هەموو گوڵزارمە

سەتحی قەزبین و کەرەج تا بەندی جولگەی ئیشتیهار
شۆرەزاری هەر چی بێ فرمێسکی دیدەی تارمە

تا لە گەیلان بارش و تا تەم دەماوەند داگرێ
ڕێزشی ئەشک و هەناسەی سینەیی ئەفگارمە

موڵکی ڕەی، نەجد و منم مەجنوون و لەیلا دڵبەرم
بێستوون، ئەلبورز و من فەرهاد و شیرین یارمە

سیدقی پاکی بێتە ڕێم با موددەعی بگرێ کەمین
بۆ تەوافی کەعبەیی کۆی تۆ خودا سەتتارمە

یاری «سالم» کوا لە هیجرا ڕۆژ و شەو جوز یادی یار
مەیلی تەنهایی دەکەم تا یادی دڵبەر یارمە

Kurdish_Poetry

٣٦٨٣

 

✓ سالم

ژەهرە مول بێ ڕووت بە والله العظيم
خارە گوڵ بێ بووت بە بالله الكريم

تاقە خاڵی ڕووت بە تەجریدی مەسیح
ساحیرە چاوت بە ئیعجازی کەلیم

نەقشە ڕووت بۆ دڵ بە شاهی نەقشبەند
یاری دێرینە بە قورئانی کەریم

قامەتت سەروە بە گوڵزاری ئیرەم
سیبە ڕوخسارت بە فیردەوسی نەعیم

پەرچەمت تارە بە وَاللَّيْلـی کەلام
بێوەفا و ڕەحمی بە ڕەحمان و ڕەحیم

خەم بووە قەددم بە شەمشێری عەلی
قیسمەتم عیجزە بە تەقسیمی قەسیم

بێ لەبت شاد نیم بە سەرچەشمەی حەیات
دەردی تۆ نادەم بە دەرمانی حەکیم

ڕەونەقە بۆ حوسنی تۆ ئاشوفتەگی
سەرحیسابم خۆم بە ئەسراری عەلیم

«سالم»ـیم ڕابورد بە مەرگی دڵبەرم
دڵبریندارم لەبەر دیدەی سەقیم

Kurdish_Poetry

٣٦٥٤

 

✓ سالم

وەکوو فەووارە خوێن دەقوڵێ دەمی ئاهم لە حولقووما
بە دڵ پەیوەستە تا سۆراخی پەیکانت لە پەهلووما

مەگەر وەختێ لە سەیری خاڵی چیهرەت دیدە فاریغ بێ
سیاهی مەردومەک بتکێ لەگەڵ ئەشکم بەسەر ڕووما

لە هیجریشا موسیبەت نایەڵێ سەر هەڵبڕم یەک دەم
لە خوێنی ئەشکما چەسپاوە پێشانی بە زانووما

لەسەر ڕوو لا دە تاری توڕڕەیی موشکینی تاتارت
حەبەش دەستی تەتاوەل ڕانەکێشێ، با بەسەر ڕووما

ئەگەر چی کارییە دەردم وەلێ نەزدیکە تەسکینم
بپڕژێنێ حەکیم ئەر ئارەقی چیهرەت بە دارووما

بە مەششاتەی دەوت دڵبەر دڵی «سالم» مەڕەنجێنە
لەناو جەمعی پەرێشانا لە حەلقەی چینی گێسووما

Kurdish_Poetry

٣٦٠١


✓ سالم

کەوتە سەر ڕوو ئەگریجەی تارت بە خەم
ڕۆژ و شەو، ڕۆژ و شەوی لێک دا بەهەم

سەرفگەندەی دیدەتە ئاهووی خەتا
پایەماڵی لەنجەتە سەروی ئیرەم

جەلبی دڵ بەم ڕەنگە کا گەر سوورەتت
ناپەرەستن بعد از این ڕاهیب، سەنەم

خاکی دەرگات سوورمەیە بۆ چاوی تار
ماچی لێوت دارووە بۆ دەرد و غەم

قەیسی تۆن کوللەن لە غەم زومرەی عەرەب
شەمسی تۆن جەمعەن بەهەم ئەهلی عەجەم

حەسرەتا ڕۆژی ئەزەل نەیدا قەسیم
قیسمەتی «سالم» بەغەیرەز دەرد و غەم

Kurdish_Poetry

٣٥٧٠

 

✓ سالم

ئۆف خودا ئەم جەژنە بۆ حاڵی غەریبان ماتەمە
باوجوودی زەوقی مەردوم خاتری من پڕغەمە

ڕەسمی عیدم سیبی غەبغەب بوو لە جەژنی پارساڵ
حەسرەتا لەم جەژنەدا عیدانە و عیدیم هەمە

جەژنی ئەمڕۆ فەسڵی سەحرا و زەوقە یاران ئەی عەجەب
دڵ لە سەحرای سینەما مەشغووڵی شین و ماتەمە

گەر مەلالی حەسرەتی ئەم جەژنە زاهیر کەم لە دڵ
ساحەتی غەبڕایی دەوران بۆ مەلالی من کەمە

دڵ لە گەم مەزبووحوار و دیدە جەشنئارایی ڕوو
ئارێ ئارێ جەژن و قوربانی لە هەر سوو باهەمە

سوبحی عیدی مەردومە فەسڵی نەهار و شەهد و سوور
«سالم» ئێستە من حەقیقەت سوبحی فەقر و فاقەمە

Kurdish_Poetry

٣٥٤٦

 

✓ سالم

بە ڕوخ ڕەنگین و دڵ سەنگین، میان لاغیر، کەمەر زەڕڕین
نیگەھ شاهین و موو موشکین زەنەخ سیمین و لەب شیرین

لەبت شەککەر خەتت عەنبەر موژەت خەنجەر قەدت عەرعەر
لە عیشقت دڵ وەکوو بولبول لە ڕووتا گوڵ وەکوو گوڵچین

سەهی قامەت قەوی شەوکەت قەمەر تەلعەت مەلەک خەسڵەت
کەمان ئەبروو نیگەھ ئاهوو فەڕەنگی خووی موو موشکین

بە ڕوخ وەک شەم بە ئەبرۆ خەم، سیەھ پەرچەم لە من بێغەم
گوارەی توو کە هات و چوو موقارین بوو مەھ و پەروین

بە چین زوڵفت ئیحاتەی دا وەکوو سونبول لە دەوری گوڵ
بە موو هەر سوو لە ڕێگەی موو بەڕووی دڵما دەکەی پەرژین

چهار فەسڵی لە هەر فەسڵا بە یەک دەم وا لەلای «سالم»
بەهار ئەشک و خەزان ڕەنگ و زومستان ئاھ و دڵ هاوین

Kurdish_Poetry

٣٥٠٩

 

✓ سالم

وەک دوڕڕ و عەقیق نەقشە دەندان و لەبی ئاڵت
میسلی بەڕەزا پەخشە ئەگریجە لەسەر خاڵت

نارنجی زولەیخایە گۆی چاهی زەنەخدانت
تەوقی ملی شیرینە پاوانە و خرخاڵت

پەنجەت لە حەنا مەگرە سوورێکی تەڵخڕەنگە
خوێنی دڵی من ئاڵە بۆ پەنجەیی شمشاڵت

بەخبەخ لە قەدی سەروت، چەند دڵبەر و مەوزوونە
سەیری کە چ شیرینە فێس و گوڵی دەسماڵت

گەر بێت و نیقاب لادەی في الجمله دەبن دەردەم
مەحزوونی سیەهچەشمان مەجزووبی دیدەی کاڵت

بێڕەحم و جەفاکاری بۆ کۆهکەنی غەمگین
شیرینی زەمان ئامان ڕەحمێ بە پەشێوحاڵت

Kurdish_Poetry