٣٦٩٥
✓ سالم
ئەو کەسە دایم لە دڵدا مەیلی بۆ ئازارمە
ڕۆژ و شەب بۆ تەندروستی ئەو، دوعا ئیشعارمە
جۆشی گریەم ئەشکی ئاڵی وا بە دامەن ڕیتووە
دەشتی ڕەی تا دێتە بەر چاوم هەموو گوڵزارمە
سەتحی قەزبین و کەرەج تا بەندی جولگەی ئیشتیهار
شۆرەزاری هەر چی بێ فرمێسکی دیدەی تارمە
تا لە گەیلان بارش و تا تەم دەماوەند داگرێ
ڕێزشی ئەشک و هەناسەی سینەیی ئەفگارمە
موڵکی ڕەی، نەجد و منم مەجنوون و لەیلا دڵبەرم
بێستوون، ئەلبورز و من فەرهاد و شیرین یارمە
سیدقی پاکی بێتە ڕێم با موددەعی بگرێ کەمین
بۆ تەوافی کەعبەیی کۆی تۆ خودا سەتتارمە
یاری «سالم» کوا لە هیجرا ڕۆژ و شەو جوز یادی یار
مەیلی تەنهایی دەکەم تا یادی دڵبەر یارمە
+ بڵاو کرایەوە لە 2019/12/10 ـدا کاتژمێر 21:45 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس