٣٧٨٦
✓ سالم
تیروەش دەی مەهـ گوزەشت و عەهدی نیسان هاتەوە
بولبولی بێدڵ لە دەوری گوڵ بە ئەفغان هاتەوە
سەختگیری کرد ئەگەر سەرما وەکوو ئەفراسیاب
بادی نەورۆزی بەمیسلی پووری دەستان هاتەوە
لەشکری گوڵ جوملە خەندانن دەڵێن سەرما شکا
تا سولەیمانی سەبا بۆ دێوی زستان هاتەوە
باغە پەژموردەی خەزان و خوڕڕەمی ئەوقاتی حووت
ماهی نەورۆزی بەعەکسی ماهی ئابان هاتەوە
بای شەماڵ هێنایە جونبوش قامەتی سەروی سەهی
بۆ خیابانی چەمەن قومری بە ناڵان هاتەوە
سارە دڵدادەی شکۆفەی شاخساری تەرفی باغ
بێخود و ڕەققاس و سەرمەست و غەزەلخوان هاتەوە
بۆ شکۆفەی تیفلواری یەکشەبەی شاخی درەخت
ڕەحمەتی ئیزەد لەگەڵ هەر قەترە باران هاتەوە
ڕووبەڕووی تیفلی نەباتاتی چەمەن موشتاقوار
دایەیی ئەبری بەهاری ئەشکڕێزان هاتەوە
دەنگی سەد ڕەنگی کوڵنگ و قاز و سۆنە و بۆرچین
سازوەش هەر سوو لە گوێی سەبزە و شەتاوان هاتەوە
سەیری گوڵشەن کەن لە چیهرەی گوڵ شەوی ئوردیبیهیشت
هەر تەرەف بۆ مەجلیسی بولبول چراغان هاتەوە
سەبزە وەک مەخمەڵ لە هەر جا فەرشە بۆ سەحنی چەمەن
مەوسیمی عەیش و تەرەب بۆ مەیپەرستان هاتەوە
بۆ دەماغم عەهدی گوڵ ئەفسوردەگی سەردی نەما
تا لە گوڵشەندا بە سەرما بۆیی ڕەیحان هاتەوە