٤٤٦٢
✓ هێمن (1921 - 1986)
وەتەن گیان و سەر و ماڵم فیدای تۆ
وە گیانی من کەوێ دەرد و بەڵای تۆ
لە پێناوت دەنێم سەر تا بزانی
منم ڕۆڵێکی ئازا و باوەفای تۆ
لەبۆ پاراستن و حیفزی سنوورت
لەباتی ماژینۆ سینگم قەڵای تۆ
دەبێ من چۆن بژیم مەسروور و دڵشاد
کە دەتبینم لە دەس بێگانەدای تۆ
دەبێ کەی سەربەخۆ بی تۆ هەتا من
بە سەربەستی بکەم سەیر و سەفای تۆ
بە شینکە و گوڵ سەراسەر سوور و شینە
چ جوانە دیمەنی کێو و چیای تۆ
لەگەڵ تۆ بۆ نەجاتی نیشتمانت
دەدەن «هێمن» هەوڵ خوشک و برای تۆ
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/4/3 ـدا کاتژمێر 23:59 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس