✓ هێمن (1921 - 1986)

سەققز و سەردەشت و سابڵاخ و سنەی کرد غەرقی خوێن
سێی تری ویستن گوتی بۆ سفرە حەو سینم دەوێ

کەی ڕەوایە بمدەنە بەر گوللە یا ڕاوم بنێن
گەر گوتم کوردم لە کوردستانی خۆم ژینم دەوێ

کورد مەگەر کوندە کە هەر وێرانە بێ هێلانەکەی
نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ

زۆر بەئاواتم کە کوردستانەکەم بێکێشە بێ
ئاشتیخوازم کوا وڵاتی پڕڕقوقینم دەوێ

تا نەهێڵم شوێنەواری نالەباری پەهلەوی
نەگبەتی زۆردارەکان و خۆشی مسکینم دەوێ

لاشەڕم، کوا بەدفەڕم ئەمما لەسەر مافی ڕەوام
دەست و چەک، ئیمان و هیوا و هەستی ئاورینم دەوێ

بۆ نەجاتی ئەم گەلە کۆیلە و هەژار و بێکەسە
گیانی پاک و بیری تیژ و ڕێگەناسینم دەوێ

بۆ بەگژداچوونی زۆرداری و هەژاری و ناهەقی
کارگەر و جووتێری ئاگا و مستی ئاسنینم دەوێ

سەخت و ناهەموارە ئەم ڕێگایە کوردی کوڵنەدەر
بۆ خەباتێکی درێژخایەن گوڕ و تینم دەوێ

دوای نەجات بۆ ئاوەدانی و خۆشی خاپوورە وڵات
کۆمەڵێکی چاک و پاک و ڕاست و وردبینم دەوێ

بۆ خەباتی هاوبەشی یەکسانی توندوتیژی گەل
لاوی کارامەی بەجەرگ و کیژی سەنگینم دەوێ

Kurdish_Poetry