✓ هێمن (1921 - 1986)

لە گیاندانا دەگوڕێنم بژی هەر کورد و کوردستان
بە گوللەی دژمنانی گەل دڵیشم بێتە ڕاوەستان

پشووی دواییم دەخوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئەم خاکە
لە سایەی ئەم گوڵ و گوڵزارەیە بوومە هەزار دەستان

دەزانن زامی دیلی چەند بەئێش و چەند بەئازارە
دەبێ رابێین هەتا ئێمەش دەگەینە ڕێزی سەربەستان

خەتای خۆمانە تا ئێستا کە هەر وا کۆیلە و دیلین
ئەوانەی شاد و ئازادن کەمێ زووتر لە خەو هەستان

نەتاندیوە کە ڕووباری خوڕێن بەردی دەقەڵشێنێ
وەهاش هەر زۆرداری دەسووتێنێ گڕی هەستان

لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا
سەرم سووڕ ما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان

وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جیهاندیدە
خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان

هومێدێ بەر مەدەن ڕێگەی خەبات بگرن بڕۆنە پێش
تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بە دیکتاتۆری چۆن وەستان

هەتا کەنگێ سیاچاڵی بەسامی دژمنی زاڵم
پڕاوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل جمەی بێ وا لە دەسبەستان

هەتا کەی ئەشکی خوێنینی کچەکوردی براکوژراو
لە جێی بادە و لە بەزمی دژمنان بدرێتە دەس مەستان

مەترسن ڕۆڵەکانی قارەمانی گەل لە گیانبازی
لە کۆڕی ئەم خەباتە بێوچانە تاقە یەک کەستان

سەهۆڵبەندانی بێدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە
بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لەدووی زستان

بە خەڵکی عالەمی سەلماندووە تاریخی ئازادی
دەبێ زاڵم لەبەر تێکۆشەران بەرداتەوە دەستان

Kurdish_Poetry