٤٣٦٣

 

✓ ناری (1874 - 1943)

من بە ئەمری تۆ، لەبۆ تەحقیقی فەرمانی قەدیم
دامە بەر میزانی عەقڵ و عاقیبەت وا تێ گەییم

مەتڵەبێ دایر بووە ئیسمەن، وەلی ڕەسمەن نییە
نوکتەیە مەخفی لە بنیایە وەکوو ئیکسیری سیم

موختەسەر پیرانە سەر بەحسم لەگەڵ هێنایە پێش
ئەو بەتوندی من بەنەرمی، ئەو بەسەختی من سەلیم

من وتم پیرانە جێگە و تەکیەگاهی ئەولیا
حەیفە بۆ تۆ بێ بە جێگەی عیشرەت و عەیشی عەزیم

ئێستە وا مەشهووری ئافاقە ئەڵێن شەیدا بووە
❞شین و یێ و خێ❝ ـیە، بە ❞عەین و شین و قاف❝ ـی ❞کاف و چیم❝

خۆش بە قانوونی سەداقەت هاتە مەیدان و وتی
لەم گوناهـ و ئیفتەرا دوورم بە باللّه الكريم

بۆ ئەکەی باوەڕ بە حەرفی پووچ و ناپاکی ڕەقیب
تۆ کە ئاگاهی لە وەزع و حاڵەتی گەردنکەچیم

قەت لە گوێ مەگرن قسەی فیتنە و حەسوود و دووزمان
قەت قبووڵی دڵ نەبێ تەزویر و قەولی موددەعیم

من بەڵێ یەک شەو بە شۆخێ ئاشنا بووم و ئەویش
کچ نەبوو ژن بوو، ئەویش بەخوا لە خەودا بوو کە دیم

گەر لە گوڵ لادەم دەمێ، مەعلوومە من یارم بە خار
ڕوو ئەگەر لادەم لە قیبلە، من لە جوملەی دۆزەخیم

عالیمولغەیبم خودایە بۆ گەواهی من کە وەک
یووسفی سیددیقی میسریم و لە توهمەت بێبەریم

ڕازیقم یەک، ڕهبەرم یەک، مەزهەبم یەک، قیبلە یەک
یەک بە یەک عالەم بدەن شایەد لەسەر یەکحاڵەتیم

جەننەتم یەک، کەوسەرم یەک، زەمزەمم یەک کەعبە یەک
ئیعتیقادم تا وەها بێ، تالیبی بوتخانە نیم

ماوەتۆ ئەم جارە ئەو بۆ من بەشێوەی ئاشتی
تا نەجاتی دەن لە خۆف و غایلە و ئەندۆهـ و بیم

کاری من تەقوا و تەسبیحاتە هەر شەو تا سەحەر
فیکری من تا وایە کەی مایل بە شەوگەردی و دزیم

ئێستە من زامن کە ئەو نەیبێ خەیاڵات تا ئەبەد
من لەمەولاوە کەفیلی حەزرەتی ئالی عەلیم

Kurdish_Poetry

٤٣٤٣

 

✓ ناری (1874 - 1943)

وەک ڕوودی بەری دووڕووەیە چەشمەیی چاوم
وەک سۆزی دڵی شێخە، کزەی جەرگی بڕاوم

مەشهووری هەموو عالەم و ئافاقە کە وا من
سەودازەدەیی عیشوەیی تورکانی ڕەزاوم

تورکێ کە بە زۆری نەزەر و ناز و گرێشمە
بردوویە قەتاری خیرەدی یەغمەکراوم

ئاهووڕەوشێ، غەمزەفرۆشێ، بەنەزاکەت
پرسی لە عەقیدە و ڕەوش و مەزهەب و ناوم

پێم وت: کە لە زومرەی خەدەمی عاشقی ڕووتم
بۆ میهری ڕوخت، مایل و موحتاجی هەتاوم

موحتاجی دەرم، تالبی دینار و درەم نیم
غەمبار و برینداری دڵی تازەبڕاوم

«ناری» لە دەری حەزرەتی مەحموودە تەمەننای
دەرمانی عیلاجی دڵەکەی تازەدزاوم

Kurdish_Poetry

٤٣١٤

 

✓ ناری (1874 - 1943)

خاکی دەرگاکەت لەبۆ سەر هەر وەکوو ئەفسەر سەری
ئەلفی باڵاکەت لە پێچ و خەم وەکوو عەرعەر عەری

گوڵشەنی ڕوخساری تۆ، ڕەونەقشکێنی نەوبەهار
ئاوێنەی حوسنت لە ڕەنگ و ئافەتی سێبەر بەری

وا لە حەسرەت چاوی مەستت دەستەوئەژنۆ کەوتوون
ئاهوویی ماچین و شۆخی چین و تورکی بەربەری

شەو کە دەرکەوت و لەبۆ حەسرەت کەمێ ڕووی کردە مانگ
میسلی تۆو زەڕڕاتی نووری نەییری ئەنوەر وەری

زەمزەمەت حوسنی لە ئافاقا، کە وەک تەل تێ پەڕی
ناو و ئاساری نەما، هەر وەک غەزالی پەرپەری

خەیبەری دڵ بوو بە پەیکانی موژەی ژێر و زەبەر
هەر وەکوو هەڵکەندنی بێخ و بنی حەیدەر دەری

چوو لەبۆ گوڵشەن، لەبۆ تەعزیمی حوسنی دەسبەجێ
گوڵبەنی سەروی نیهالی باغی ئاغالەر لەری

ڕۆژی دیوانی ئەزەل قسمەت وەها جاری بووە
سەهمی ئاغا بۆ بزورگی، قسمەتی نۆکەر کەری

«ناریا» تا کەی بە پیری فیکری بەیتی بێسەمەر
پیری و لافی جوانی؟ بێنەوایی و قەشمەری؟

Kurdish_Poetry

٤٢٨٨

 

✓ ناری (1874 - 1943)

بە شیرینی جەوابت دەفعی ڕووتاڵی لە سەرما بوو
لە وەعدەی سڕڕییا، گەرمیی جوابی کاغەزم چا بوو

نەما یەکسەر نەخۆشیم و بەسەر چوو میحنەت و شینم
ڕمووزی سرکەئامێزت، تەبیبی دەفعی خەزرا بوو

موبەددەل بوو بە گوڵڕەنگی جوانی، سوورەتی پیری
نەسیمی خەتتی مشکینت، مەگەر نەفسی مەسیحا بوو

ئەیازم گەر لە دڵ دەرکەی، مەگەر ئەفسانە ڕازم من
شکۆهی شاهی غەزنەینە، بە حیکمەت جیلوەئارا بوو

لەبۆ ئەربابی شەوکەت لازمە زیبی هەواخواهی
ڕەواجی حوسنی یووسف، شۆڕشی عەشقی زولەیخا بوو

موجەڕڕەد حوسنی شیرین، جەزبی موڵک و دین و دڵ بوو خۆ
زەهیری میهری خەسرەو، زەمزەمەی سازی نەکیسا بوو

چ بەحسی وەسفی تەییارە و تفەنگ و تۆپی ئینگلیزە
بەبێ مەیلی عەرەب، تەسخیری بەسرە و شاری بەغدا بوو

لە وێرانی قەڵا مەڕوانە، بڕوانە زەمانی زوو
دەمێ پایتەخت عەجەم شاهـ و گەهێ لوتفعەلی شا بوو

بە تەحویلاتی بێقانونی ئەم گەردوونە فەرتووتە
زەمانێ مەنزڵی ڕۆمی، دەمێ جێی عەیشی تەرسا بوو

بە گومبوونی نگینی بوو، نەما حوکمی سولەیمانی
قەباحەت کەی لەسەر سەخرەی لەعینی بێسەروپا بوو

کەلامم قەندە چی بکەم «ناریا» بێمشتەری ماوە
مەگەر بمرم بڵێی داخی گرانم شاعیرێ چا بوو

Kurdish_Poetry

٤٢٧٣

 

✓ ناری (1874 - 1943)

هەرچەندە بەعیدم لە درۆ و لابە بە عیدم
بێشوبهە بە دڵ مایل و موشتاقی سەعیدم

قیبلەیی دڵ بە عەلی سوورەتی بابا عەلییە
کە لە جوملەی سەمەری باغی لەتیفی وەلییە

گەرچی تەقسیری نەهاتن کاری بەندی قاچمە
دەمبەدەم داوێنی پاکت، پاکی جێگەی ماچمە

دوور لە تۆ، ساعەت بە ساعەت، وەک نەخۆشی بێتەبیب
چاوەڕێی ئاوازی دەنگی خاکەناز و پاچمە

هەر لە خاکی ڕووسەوە تا ڕۆم و بولغار و حەبەش
کەس نییە ڕازی بە تەقسیمی، ئەزەل بێ یا بە بەش

Kurdish_Poetry

٤٢١٢

 

✓ ناری (1874 - 1943)

ئەی فەلەک سەرگەشتە بی بۆ گەردشێ هێناتەوە
ئەهلی عیززەت پاکی سەرگەشتەن بەدەس سەوداتەوە

گەردشت: ساقی، قەدەح: دنیا، موسیبەت بوو بە چات
خۆ لە دنیادا نەبوو لەو چاتە کەس نەیخواتەوە

وەزعی تۆ تەرکی سەفایە، قەلبی تۆ ڕەسمی جەفا
بۆ ئەکەی مەیلی وەفا تۆ بەم دڵ و حاڵاتەوە

چینی پێشانیتە خەتتی میننەت و زوڵم و ستەم
نەخشی میحنەت وا بە تەختەی قاپییەی دەرگاتەوە

مەسڵەحەت چونکوو نەبوونی تۆیە، سا زاتی خودا
زووبەزوویی بتگرێت و بتکوژێ و بتباتەوە

مەنعی کەس ناکەم لەسەر ڕەفتاری بێمیزانی تۆ
پێت بڵێ لاچۆ سەر و ئەتوار و شکڵت خواتەوە

بۆ چی ئینسافە لەلای تۆ زومرەیی ئالی عەبا
قەیدی زیللەت بێ بەدەستی کافری بەدزاتەوە

پارە بوو سەد دڵ بە نووکی نەشتەر و خاری جەفا
داخی زوڵمت وا بە لالەی ڕوومەتی ساداتەوە

شین و ئاهی کەربەلا و نەینەوا هاتۆ بە نەو
نۆبەتی دەرد و غەمی ئالی موحەممەد هاتەوە

بۆ پەرێشانحاڵی و حوزنی پەشێوی فەوجی گوڵ
جەمعی بولبول وا لە شیوەندا بەڕووی باغاتەوە

چون نەما شادی لەبۆ ئەولادی مەحبووبی خودا
لازمە بۆ هەر کەسێ بەیداغی غەم هەڵ کاتەوە

Kurdish_Poetry

٤٢٠٣

 

✓ ناری (1874 - 1943)

بێقەباحەت گەر حەواڵەی تیری موژگانم ئەکا
مەنعی ناکەم، خۆشە فریادم، بە خۆشخوانم ئەکا

من کە مەجبوورم بە مەحکوومی غوڵامانی دەری
شۆڕشی عیشقی ڕوخی، موحتاجی دەربانم ئەکا

گەر بە تیری عیشوە جەرگم پارە کا گاهێ بە ناز
ماڵی ئاوا بێ بە خەندەی لێوی دەرمانم ئەکا

من شکاتی دڵپەرێشانیم لە گێسووی کردووە
ئەو حەواڵەی مەحکەمەی زوڵفی پەرێشانم ئەکا

من بە خۆشخوانی کە مەشهوورم لە باغی عیشقدا
ئەو بە سوختەی بولبولی بێنوتق و نادانم ئەکا

من لە گۆشەی مەدرەسەی عیشقی، مەسائیل حەل ئەکەم
ئەو بە شاگردی خەلیفەی دەرسی تیفلانم ئەکا

من بەئوممێدی عەقیقی لێوی حەککاکی ئەکەم
ئەو بە تیفلی عاشقی نارنجی بۆستانم ئەکا

با موشیری چاوەکەی پرسێ لە خونکاری موژەی
لەشکری غەمزەی لەسەر چی تیرەبارانم ئەکا؟

گوڵشەنی حوسنی کە چونکە ئاوی ئەشکی دیدەمە
خەتتی ڕەعدی ناڵە و گریان و بارانم ئەکا

میم دەمی و ئەلف بینی، چیمە زوڵفی عەنبەری
تا وەزیفەم بێ لە ڕوویا، بەندەفرمانم ئەکا

وا موشەووەش بوو، وەکوو حاڵم، خەیاڵم «ناریا»
هەر وەکوو وەحشی، بەشەر وەحشەت لە دیوانم ئەکا

Kurdish_Poetry

٤١٩٣

 

✓ ناری (1874 - 1943)

دەمێکە من لە غوربەتدا غەریقی بەحری حیرمانم
بەبێ گوڵغونچەدەم دایم موقیمی کونجی گریانم
لە شوێنی بولبولی دڵ مات و سەرگەردان و حەیرانم
دەمێ بۆ گوڵ، دەمێ بۆ دڵ، زەلیل و زار و گریانم
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم

دڵی میحنەتزەدەی بردم، بە گۆشەی چاوی بیماری
بەشەرتێ بێنیازم کا، لە ماچی لێو و گوفتاری
ئەوێستا گەر دەبینێ من، دەپۆشێ باغی ڕوخساری
موسڵمانان تەماشا کەن لە شەرت و عەقڵ و ڕەفتاری
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم

وەکوو نەی کونکونە جەرگم بە نووکی تیری موژگانی
گوڵی عومرم دڕا پاکی لە هاتوچوونی زوڵفانی
شکا پشتم، بڕا جەرگم لە حەسرەت وردەخاڵانی
خودایا بۆ نەما عەهد و قەرار و مەیلی جارانی
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم

ڕەفیقان گەر دەپرسن بۆچ دەناڵێنی؟ چ قەوماوە؟
لە سەر من واجبە شیوەن، هەتا هۆشم لە سەر ماوە
تەماشای بولبولی دڵ کەن، بەناحەق خۆ نەسووتاوە
دەڵێن ئەمڕۆ لە من زیزە، گوڵی نەوڕەستە تۆراوە
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم

فریشتەم تاکوو یاوەر بوو، بەدایم عیشوە کاری بوو
سرووری مەجلیسان خۆش بوو، بە زاری عیشقی «ناری» بوو
لە باغی وەسڵی دڵدا بێغەم و ئەندۆهـ و زاری بوو
کە بەختم چوو، گوڵیشم چوو، دڵیشم دەردی کاری بوو
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم

Kurdish_Poetry

٤١٦٨

 

✓ ناری (1874 - 1943)

لە فیتنەی نازی غەمزەی چاوی فەتتانی، خوا چی بکەم؟
لە نێشی عەقرەبی زوڵفی پەرێشانی، خوا چی بکەم؟

لە سەفحەی ڕوومەتم یەک جێ نەما بێ زەخمی پەیکانی
لە حەملەی فەوجی ڕووسی تیری موژگانی، خوا چی بکەم؟

بە زوڵفی، سوبحی ڕووی پۆشی کە قیبلەی ئەهلی ئیمانە
لە جەمعی سوبح و شام و کوفر و ئیمانی، خوا چی بکەم؟

وەکوو بارامی گۆڕە، تورکی چاوی بۆ نیشانەی دڵ
لە خۆشلێدان و پڕپێکانی پەیکانی، خوا چی بکەم؟

لە شەودا ماهی ڕووی دەرکەوت و زوو هەڵهات و نەمزانی
لە بێمیهری ڕوخی وەک ماهی تابانی، خوا چی بکەم؟

ئەگەرچی شێوەیی شیرینی جەزبی دڵ دەکا هەر دەم
لە حەرفی تاڵی لێوی شەککەرئەفشانی، خوا چی بکەم؟

هەتاکوو هەڵنەکا بۆ ڕەفعی زوڵمەت شەوچرای کوڵمی
لە ڕەمزی خاڵی شین و لەعلی خەندانی، خوا چی بکەم؟

لەسەر سینەی بە ئاهی من شکا چینی سەری زوڵفی
لە پەرژینی شکاوی باغی سێوانی، خوا چی بکەم؟

لە دووکانی خەیاڵمدا نەما جنسی غەزەل ئەمڕۆ
لە بۆ فەرشی سەریری تەختی ئەیوانی، خوا چی بکەم؟

نەخۆشم بێ نەباتی لێوی، من موشکیل نەجاتم بێ
لەبۆ ماچی وەکوو دەرمانی لوقمانی، خوا چی بکەم؟

لە شۆڕشدایە مورغی دڵ، بەئوممێدی نەسیمی گوڵ
لەبۆ عەتری غوباری چاکی دامانی، خوا چی بکەم؟

دەمێ بۆ من نەبوو سەیری کەناری گوڵشەنی وەسڵی
لە بێڕەحمی ڕەقیب و جەوری دەربانی، خوا چی بکەم؟

ویساڵی بۆ ڕەقیب و دەردی هیجرانی بە «ناری» دا
لە ڕەسمی بێوەفایی و عەهد و پەیمانی، خوا چی بکەم؟

Kurdish_Poetry

٤١٦٧

 

✓ ناری (1874 - 1943)

قەت لە ئادابی دوعا ئەم پیرە تەقسیری نییە
سا لەگەڵ تەقدیری خوا چی بکەم کە تەئسیری نییە

ویردی دڵ بێغایەت و پایانە وەک تەقسیری من
تا ئەبەد وەک عەفوی تۆ ئیمکانی تەحریری نییە

سیدقی مەزموونی کەلامم عەینی سوبحی سادقە
ئەو بە تەرزی ئاخری شەو کیزب و تەزویری نییە

حەیفە بۆ ئەربابی دەرکی غەزنەوی گاهێ بڵێن
جامیعی حیکمەت ئەیازە و حوسنی تەدبیری نییە

عاقڵ و فەرزانە هەر دەم وا لە قەیدی میحنەتا
شێت و بێپەروا لە دنیا باکی زنجیری نییە

گوڵ لەگەڵ خارا ڕەفیقی بولبولی دڵ بێ نەسیب
عیللەت و ئیشی خودا ئیشکالە تەفسیری نییە

سەیدی وەحشی دەستەمۆ بێ چاکە نەک سڵ کا بە هیچ
بازی تۆ ئیمڕۆ کە چونکە تابی نەخچیری نییە

گەردشی ئاخرزەمانە و شۆڕشی دەوری قەمەر
نوور و زوڵمەت بۆیە لای کەس فەرق و تەوفیری نییە

ئەهلی دانا قەت لە «ناری» ناگرێ هەرگیز غەڵەت
چونکە نەفسێکی ئەدیب و عاقڵ و ژیری نییە

Kurdish_Poetry