٤٣١٤
✓ ناری (1874 - 1943)
خاکی دەرگاکەت لەبۆ سەر هەر وەکوو ئەفسەر سەری
ئەلفی باڵاکەت لە پێچ و خەم وەکوو عەرعەر عەری
گوڵشەنی ڕوخساری تۆ، ڕەونەقشکێنی نەوبەهار
ئاوێنەی حوسنت لە ڕەنگ و ئافەتی سێبەر بەری
وا لە حەسرەت چاوی مەستت دەستەوئەژنۆ کەوتوون
ئاهوویی ماچین و شۆخی چین و تورکی بەربەری
شەو کە دەرکەوت و لەبۆ حەسرەت کەمێ ڕووی کردە مانگ
میسلی تۆو زەڕڕاتی نووری نەییری ئەنوەر وەری
زەمزەمەت حوسنی لە ئافاقا، کە وەک تەل تێ پەڕی
ناو و ئاساری نەما، هەر وەک غەزالی پەرپەری
خەیبەری دڵ بوو بە پەیکانی موژەی ژێر و زەبەر
هەر وەکوو هەڵکەندنی بێخ و بنی حەیدەر دەری
چوو لەبۆ گوڵشەن، لەبۆ تەعزیمی حوسنی دەسبەجێ
گوڵبەنی سەروی نیهالی باغی ئاغالەر لەری
ڕۆژی دیوانی ئەزەل قسمەت وەها جاری بووە
سەهمی ئاغا بۆ بزورگی، قسمەتی نۆکەر کەری
«ناریا» تا کەی بە پیری فیکری بەیتی بێسەمەر
پیری و لافی جوانی؟ بێنەوایی و قەشمەری؟