٤١٩٣
✓ ناری (1874 - 1943)
دەمێکە من لە غوربەتدا غەریقی بەحری حیرمانم
بەبێ گوڵغونچەدەم دایم موقیمی کونجی گریانم
لە شوێنی بولبولی دڵ مات و سەرگەردان و حەیرانم
دەمێ بۆ گوڵ، دەمێ بۆ دڵ، زەلیل و زار و گریانم
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم
دڵی میحنەتزەدەی بردم، بە گۆشەی چاوی بیماری
بەشەرتێ بێنیازم کا، لە ماچی لێو و گوفتاری
ئەوێستا گەر دەبینێ من، دەپۆشێ باغی ڕوخساری
موسڵمانان تەماشا کەن لە شەرت و عەقڵ و ڕەفتاری
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم
وەکوو نەی کونکونە جەرگم بە نووکی تیری موژگانی
گوڵی عومرم دڕا پاکی لە هاتوچوونی زوڵفانی
شکا پشتم، بڕا جەرگم لە حەسرەت وردەخاڵانی
خودایا بۆ نەما عەهد و قەرار و مەیلی جارانی
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم
ڕەفیقان گەر دەپرسن بۆچ دەناڵێنی؟ چ قەوماوە؟
لە سەر من واجبە شیوەن، هەتا هۆشم لە سەر ماوە
تەماشای بولبولی دڵ کەن، بەناحەق خۆ نەسووتاوە
دەڵێن ئەمڕۆ لە من زیزە، گوڵی نەوڕەستە تۆراوە
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم
فریشتەم تاکوو یاوەر بوو، بەدایم عیشوە کاری بوو
سرووری مەجلیسان خۆش بوو، بە زاری عیشقی «ناری» بوو
لە باغی وەسڵی دڵدا بێغەم و ئەندۆهـ و زاری بوو
کە بەختم چوو، گوڵیشم چوو، دڵیشم دەردی کاری بوو
گوڵەکەم ڕۆ، دڵەکەم ڕۆ، بەجارێ ماڵی وێرانم