٣٠٥٤

 

✓ موفتی پێنجوێنی

  • وتووێژی زانا و نەزان
  • قسەی زانا:

نەزان لە داخت حاڵم پەشێوە
وەک سەرخۆش بێهۆش ئەڕۆم بەڕێوە

بۆ خاک و وەتەن میقرۆب و دەردی
بڕوانە وێنە و ڕوخساری زەردی

  • وەڵامی نەزان:

زانای قوڕبەسەر غەمباری داماو
تۆ ژیانی خۆت بێنەرە بەر چاو

نە ڕۆژت ڕۆژە نە شەوت شەوە
نە چاوت تاوێ ئاسوودەی خەوە

گەھ غەمی وەتەن گەھ غەمی نەزان
گاهێ غەمی ماڵ بۆ بەرگ و بۆ نان

لێفە و دۆشەکت هەر دڕکوداڵە
بمری باشترە کەی ئەمە حاڵە

لەگەڵ خاتەدا دەست لە ملان ئەبین
هەتا بەیانی شەوق و پێکەنین

هەر پەزەکانم دوور لە بەڵا بن
بە تاکە تاکە و بە جووتە زابن

نایدەم بە هەزار گۆشت و پڵاوت
بگری بۆ حاڵ و خەیاڵی خاوت

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry 

٢٩٦٣

 

✓ قانێع

لە سایەی عیززەتی نەفسم لە پاشا مەرحەبا ناکەم
لە ئەربابی کەرەم دوورم بە کەس خۆم ئاشنا ناکەم
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم سواڵی سەرکەوا ناکەم
ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بەبا ناکەم
ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم

لە تۆزی ئاشەدا غەرقم لە تەوقی سەر هەتا ئەژنۆم
نە ترسی ئەمری مافەوق و نە مەحکوومی بەراتی تۆم
بەڵام چەن خۆشە ئەو تۆزە کە هەر خۆم ئامیرم بۆ خۆم
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم

براکەم فرسەتە ئەمڕۆ بڵێ بەو یاری دێرینم
لەسەر هەر دینێ من ئەمرم ئەویش هەر بێتە سەر دینم
کە چون شێرانییە فیکر و خەیاڵی زیندەگی و ژینم
لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم

چ خۆشە تا ژیانت بێ لەلای کەس کەچ نەکەی گەردن
عەرەق بڕژێ لەناو چاوت لە ڕێگەی کاسبیکردن
بەشەرتێ سەر بەسەربەستی لە مەیدانا بەدەربردن
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم

لەبەر پەستی گەلی کوردە کە وا ڕەنج و تەقالامە
لەسەر ئەم هۆزە چل ساڵە بەتەنیا هەوڵ و داوامە
بەتاڵانی لەدەس دەرچوو سەفای ئەم زێد و ماوامە
مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم

لە داخ ئەم چەرخە کەچبازە هیلاک و سینەچاک چاکم
وەکوو تەیرێ هەڵۆ لێی دا کز و خەڵتانی ناو خاکم
بەبێهۆشی ئەسووڕێمۆ ئەڵێی سەرگێژی تریاکم
وەها غەرقی مەراقی پڕجەخاری کاری ناپاکم
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکێ دەردم دەوا ناکەم

دە شەرتە شەرتی مەردی بێ لە دنیا تا حەیاتم بێ
نە هیوای سەر قەڵەمدانە و نە ئومێدی خەڵاتم بێ
لەسەر ئەم حاڵەتی خۆمە ئەگەر بێت و سوباتم بێ
بەئوممێدم بەسەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
لە دنیادا کە هیچ کەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم

قەناعەت چاکە وا چاکە بساچێنم بە شۆرباوێ
کەوای تاقەی منەت لابەم لەبەر کەم شاڵ یا جاوێ
لەبۆ دانەی تەماعکاری نەکەومە گێژی هیچ داوێ
ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی "شێخ ڕەزا" ناکەم

هەزاران ئافەرین «موفتی» لە ڕەفتار و لە ئایینت
بەوەڵڵا حەیفە تۆ بمری و برات هەڵکاتە تەڵقینت
لەگەڵ تووتنچی تێکەڵ کە دە «قانع» شیعری ڕەنگینت
ئەگەر «موفتی» یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لەلا ناکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٦٢

 

✓ موفتی پێنجوێنی

ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بەبا ناکەم
ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم

لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم

لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم

بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم

مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم

وەها غەرقی مەراقی پڕجەخاری کاری ناپاکم
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکی دەردم دەوا ناکەم

بەئوممێدم بەسەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
لە دنیادا کە هیچ کەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم

ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی "شێخ ڕەزا" ناکەم

ئەگەر «موفتی» یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لەلا ناکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٢٠

 

✓ موفتی پێنجوێنی

موژدە بێ بۆ خوێندەوار و تێگەیشتووی لاوی کورد
ڕادیۆ ئەیخاتە گوێی عالەم ژیان و ناوی کورد
گەرچی نایبینێ زەمانێکە سەراسەر چاوی کورد
ئێستە ئەدرەوشێ ستارەی چاوی داپێچراوی کورد
ڕۆژبەڕۆژ بۆ پێش ئەچێ ئۆخەی شکور هەنگاوی کورد

کورد لەژێر باری گرانی خەڵکیدا وا هاتە دەر
تاجی ئیستقلال و سەربەستی بەحوڕڕی نایە سەر
بەرگی یەکڕەنگی و فیداکاری بەجارێ کردە بەر
خۆی وەکوو کوڕ خستە ناو ناوان و ناو ڕیزەی بەشەر
هەر برایییە دەوا بۆ دەردی هەڵقرچاوی کورد

هەر بژی قازی محەممەد هەر بژی کوردی نەبەرد
هەر بژی قەومێ کە ناترسێ لە کوشتار و لە دەرد
ڕوو ئەکاتە لەشکری دوژمن بە گۆچان و بە بەرد
پەشمە لای دیلیی نزار و شاخی بەرز و دەشت و هەرد
ڕائەماڵێ پۆلی دوژمن هێرش و لافاوی کورد

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨٤٠

 

✓ موفتی پێنجوێنی

خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە
بەرگە خۆراکە وە یا دار و درەخت و سەوزییە
سێوە ھەنجیرە وە یا دارێکە ڕەنگی وەک بییە
شێرە یا گورگە وە یا بازە یاخوود تووتییە
من ئەبێ لێی بێخەبەر بم یا لە ئەسڵا ھەر نییە

وەک عەدالەت باسی ویژدانیش ئەکەن مەئموورەکان
خۆ لەوەش حاڵی نەبووم قەستەم بە زاتی لامەکان
ھەر وەکوو عەنقایە ھەردوو ئیسمی بێ جسم و نیشان
ڕەنگە یا جن بێ وە یا دێو و پەری بن بێ گومان
عەدلی چی و ویژدانی چی چاوبەستی لات و برسییە

خۆشی خۆشی بۆ فەقیر و بێنەوا ئیش دانرا
ڕزقی میللەت کەوتە تەموین و ڕەزالەت لابرا
مەخزەنی مستەورەدە ئەمباری گەورە پڕ کرا
پاکی بەش کەین بێ ئەوەی فەرقی ببێ ھەر وەک برا
ئاخری بۆ حاجی و ئەربابی مێز و کورسییە

بێینە سەیری بایع و بەشکردنی کووتاڵ و چا
نومرە ئەوەڵ بۆ ئەفەندی باقیاتی ھەرچی ما
چاکەکەی بۆ دەوڵەمەند و چی تری ما بۆ گەدا
کامە ویژدان و عەدالەت پێم بڵێن ئێوە و خوا
گەر درۆی تێکەڵ نەبێ ئەمڕۆژە نەفسی نەفسییە

چی ئەزانم شەرتە بیڵێم کاکە گەر بیشمکوژی
چون شەھیدە بیکوژن ھەر کەس لە ڕێگەی ناوبژی
بۆ چی من نەمدی فەقیرێ بێتە بایع پێی بژی
دەوڵەمەند تا کەی ئەبێ تۆ خوێنی خەڵکی ھەڵمژی
خواردنی ئەم خوێنە لای تۆ کاڵەکە یا شووتییە

ڕەنگە تێک چووبێ بەجارێ ڕەحم و ئینسافی بەشەر
یا فیراری کردبێ لای ئێمە دەرچووبێتە دەر
یا خەرافاتێکە بۆ قەومی نەزانی قوڕبەسەر
بۆ ئەوانەی ھیچنەزان و ھیچنەفام و بێخەبەر
یا ئەگەر بووبێ و نەمابێ بەختی چەوتی «موفتی»ـیە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٢

 

✓ موفتی پێنجوێنی

هێندە لەرزیبووین لە ترسی بوومەلەرزە و زەلزەلە
بێ لەرز یەکسەر گرفتاری نەخۆشی لەرز و تاین

گەر فەلەک ڕەحمی ببێ بەم حاڵە بتهێڵێتەوە
چش کە وێرانی بە بەرد و خاک و خۆڵیشت ڕەزاین

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٧٣٨

 

✓ موفتی پێنجوێنی

دینارە کە وا ئەهلی جیهان ئەیخەنە سەر سەر
دینارە ئەکا سەد کەسی بێکەس بە هونەروەر

بێ فلسە کە وا موفلیسی ناو مەجلیسی عامە
ناوی لە هەموو لایە ونە نایەتە دەفتەر

شوعلەی گەرمی ڕەونەقی ڕۆژە لە تلووعا
یەکجاری ئەشارێتەوە شەوقی مەھ و ئەختەر

لای جانەوەر و نەوعی بەشەر خۆشە زڕەی زەڕ
بەو زڕڕەیە کەر دێتە تەرەننوم کە بڵێی زەڕ

ئەیکا بە قەفی چینی فەنەر باری نەبوونی
سەد قامەتی مەوزوونی جوانی وەکوو عەرعەر

گەر واریسی شاهانی بەبێ زەڕ نییە قەدرت
داماوە هەتا ماوە بەبێ ڕەونەق و جەوهەر

سەرپاکی قسەی پڕوپووچێکە فەقیری
بڕژێ لە دەمی نوتق و کەلامی وەکوو گەوهەر

تاجر بە چەو و ساحەبی پارە و درەمی زێو
نابینی کە گیرابێ بە ئیجباری بە عەسکەر

سەودای دڵم بێت و لە دڵما نەبێ ساتێ
نایدەم جگەرە و قووتوەکەیی خۆم بە سکەندەر

لاکین بە خودا پارەکە کرمێکە لە سەردا
نایاتە دەرێ تا دەگەیە ساحەیی مەحشەر

سڕڕێکە خودا داویە ئەگەر ساحێبی پارە
نەشبەخشێ هەموو خەڵکی لە شوێنە وەکوو لەشکەر

«موفتی» چییە وا عاشقی شەیدای بە زەڕ و زێڕ
سەد زاهیدی تینوو نییە وا عاشقی گەوهەر

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٦٩

 

✓ موفتی پێنجوێنی

ئەوەی ھەقبێژە قەولی ترش و تاڵە
ئەمن ھەرچی ئەڵێم ئەیکەن بە گاڵە
خەیاڵی ژێری لێفەی شەو بەتاڵە
ھەتا ڕەنجێ نەدەی گەنجێ مەحاڵە

بەئوممێدی دوعا تۆ دامەنێشە
ھەناسەی ڕزق و ڕۆزی ھەڵمەکێشە
ئەگەر مەردی وەکوو شێرانی بێشە
شکارت ھەوڵە گەر بیکەی بە پێشە

ئەگەر سەروەت بە ھاوار و دوعا بێ
گەدای سەر جادە ھەڵدەگرێ کە شا بێ
بە یەک ھەفتە لە دەرد و خەم ڕەھا بێ
نەوەک تا ماوە ھەر وا بێنەوا بێ

تەماشای دەسی حاجی کردنی تۆ
گەلێ چاترە لەمانە مردنی تۆ
لە گۆشتی ڕانی خۆت برژێنە بیخۆ
تەمەڵ لێی دامەنیشە دەستەوئەژنۆ

بەمنداڵی لەبۆ حاجی نەباری
وەکوو تۆ خاو نەبوو ئێسک و دەماری
بە ڕەنجی شانی خۆی بوو کەسب و کاری
بەھیوای کەس نەبوو بۆ کۆڵ و باری

چ مانێک و ژیانێکە ھەتا سەر
لەبۆ دەسمایە ڕیش و پرچ و مێزەر
ئەسەف بۆ تۆ ئەگەر مەردی و ھونەروەر
نەڕێژی چینی عارەق عەینی گەوھەر

تەماعی دەوڵەمەند و خێر و ئیحسان
خودا دایناوە بۆ ئینسانی نوقسان
ئەمانە گەر نەبێ ئەمرێ لە برسان
حەرامە بۆ کەسێکی ساخ و ملپان

ھەتا گەنجی بەکار و خۆبەکۆڵ بە
لەگەڵ ئەھلی وەتەن یەک ڕۆح و دڵ بە
بە ئەخلاق و تەبیعەت خاک و گڵ بە
بە شەوق و میھرەبانی ڕەنگی گوڵ بە

دەروونم کەیل و پڕدەردی زەمانە
نەبوونی زاڵمێکی بێ ئەمانە
سەعیکردن لە قورئانا بەیانە
بە کفری تێ ئەگا ھەر کەس نەزانە

برا بۆ تۆمە من عاجز نەبی لێم
مەڵێ خراپە ھەرچی کە من ئەیڵێم
بە پشکۆی جاھیلی سووتاوە ژێرپێم
نەخۆشێکی پەرێشانم لەسەر جێم

ئەتۆ «موفتی» ئەگەر ئاوازە خۆشی
لەبۆ خۆت بگری تا ئەمری نەخۆشی
بە داخی خەڵکەوە بۆچ وا بەجۆشی
مەتاعی چاکە ھەڵبەت ئەیفرۆشی

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٥٩٦

 

✓ موفتی پێنجوێنی

بۆ نەبەردی و چاونەترسی فەوقی سەد ئەڵمانە کورد
بۆ شەڕ و دەعوای حەقیقەت شێری ڕووی مەیدانە کورد

بەحسی ئازایی ھەتا ساڵێک بنووسم ھەر کەمە
من ئەزانم چی بنووسم پاکی سەدچەندانە کورد

داخەکەم بێعیلمن و خۆخۆرن و خوێنڕێژی یەک
ھەر خەریکی تاو و قووچ و کوشتن و تاڵانە کورد

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٤٧٠

 

✓ موفتی پێنجوێنی

گەر خودا نەیدا بەچاکی دوژمنی ئینسانە ژن
مار و دووپشک و پڵنگی شاخی ھەورامانە ژن

گەر گڵۆپی دووسەدیش ھەڵکەی لە ماڵ و مەتبەخا
دووکەڵی حەوش و حەسار و ژوور و بەرھەیوانە ژن

تۆ دە پەیدا کەی لە ڕۆژا ئەو بە سی داناکەوێ
ھەر خەریکی قاوچ و قووچە و بردن و تاڵانە ژن

گەر نەخۆشینت نەبێ سیلداری و دڵ پڕ لە خەم
چۆتە ناو جەرگت بەدایم ئێش و دەرد و ژانە ژن

گەر لەگەڵ ئەودا بەھەشتت پێ بدەن لێی ڕا ئەکەی
تاوەکوو مردن عەزیزم دەردی بێ دەرمانە ژن

گەرچی شێوەی شۆخوشەنگ و دووکوژ و پڕعیشوە بێ
تۆ لە بەرچاو و دڵت شێوەی وەکوو شەیتانە ژن

بۆ خراپی ئەو قەڵەم ئەشکێ و زمانیش کۆڵ ئەبێ
قابیزیش ڕازی نەبێ ھەر ئیشی گیانکێشانە ژن

ھەر بژی [موفتی] کە وا دایم لەڕێی ڕاستی ئەڕۆی
ھەر بڵێ تا مردنت دەرد و بەڵای ئینسانە ژن

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry