٢٤٢٤
✓ موفتی پێنجوێنی
ئەی فلس ڕۆحی ڕەوانم تۆی پەنا و پشتی ھەژار
دەستگیریی عالەمی مردوویش ئەخەیتە ئیش و کار
نەک منی پەڕکەندە وا ئەمڕۆ کە زانیم قەدری تۆ
زاھیدیش بۆ تۆیە بیللاھی کە وا ئەخزێتە غار
من لە ئەشرافیش ئەپرسم پێم ئەڵێ خاکت بەسەر
بێ فلس ناچێ بە فلسێ سەد شەرەف سەد بوونی پار
چاکە بمبەخشی لەمەوبەر نەمئەزانی قەدری تۆ
ئێستە تۆم ناسی کە خۆم بینی لە ھەر کووچە و کەنار
چەندە بێبایەخ لەمەوبەر تۆی ھەبوو ناوی نەبوو
بۆت حیساب کەم ئێستە ئەشرافن ھەتا دووسەدھەزار
ھێزی تۆ گەر پشتیوان و یارمەتیدەر بێ ئەکا
حوکمی میر و بەگلەر و ئاغا لە دێھات و لە شار
ئەی فلس لای ھەر کەسێ بی ھەر وەکوو لێفەی خەوی
دای ئەپۆشی گەر ببێ عەیبی بە خەروار و تەغار
ئەی فلس تۆ حیلەشەرعیت خستە ناو مەیدانەوە
دەس لە قانوونیش ئەکێشی وەک تریفە جاربەجار
گەر بچیتە باخەڵ و گیرفانی تێر سەیرت بکا
ڕاست و ڕێکوپێکە پیرێکی قەدیمی چەوت و لار
گەر نەبی لای گەنجی تازەی پێگەیشتوو بێ گومان
وەک فەنەر ئەشکێتە یەکسەد قامەتی ھەر وەک چنار
ڕادیۆ و ئاو و گڵۆپ و باخی حەوشت پێ ئەکەن
ڕاستە ھاوینیش ئەگۆڕی سەوز و فێنک وەک بەھار
ھەر کەسێ تۆی بێ نەجیب و خانەدانی پێ ئەڵێن
وەک ئەرەستۆ تۆی دەوابەخشی نەخۆش و شێت و ھار
ڤەژینبوکس