✓ موفتی پێنجوێنی

ئەوەی ھەقبێژە قەولی ترش و تاڵە
ئەمن ھەرچی ئەڵێم ئەیکەن بە گاڵە
خەیاڵی ژێری لێفەی شەو بەتاڵە
ھەتا ڕەنجێ نەدەی گەنجێ مەحاڵە

بەئوممێدی دوعا تۆ دامەنێشە
ھەناسەی ڕزق و ڕۆزی ھەڵمەکێشە
ئەگەر مەردی وەکوو شێرانی بێشە
شکارت ھەوڵە گەر بیکەی بە پێشە

ئەگەر سەروەت بە ھاوار و دوعا بێ
گەدای سەر جادە ھەڵدەگرێ کە شا بێ
بە یەک ھەفتە لە دەرد و خەم ڕەھا بێ
نەوەک تا ماوە ھەر وا بێنەوا بێ

تەماشای دەسی حاجی کردنی تۆ
گەلێ چاترە لەمانە مردنی تۆ
لە گۆشتی ڕانی خۆت برژێنە بیخۆ
تەمەڵ لێی دامەنیشە دەستەوئەژنۆ

بەمنداڵی لەبۆ حاجی نەباری
وەکوو تۆ خاو نەبوو ئێسک و دەماری
بە ڕەنجی شانی خۆی بوو کەسب و کاری
بەھیوای کەس نەبوو بۆ کۆڵ و باری

چ مانێک و ژیانێکە ھەتا سەر
لەبۆ دەسمایە ڕیش و پرچ و مێزەر
ئەسەف بۆ تۆ ئەگەر مەردی و ھونەروەر
نەڕێژی چینی عارەق عەینی گەوھەر

تەماعی دەوڵەمەند و خێر و ئیحسان
خودا دایناوە بۆ ئینسانی نوقسان
ئەمانە گەر نەبێ ئەمرێ لە برسان
حەرامە بۆ کەسێکی ساخ و ملپان

ھەتا گەنجی بەکار و خۆبەکۆڵ بە
لەگەڵ ئەھلی وەتەن یەک ڕۆح و دڵ بە
بە ئەخلاق و تەبیعەت خاک و گڵ بە
بە شەوق و میھرەبانی ڕەنگی گوڵ بە

دەروونم کەیل و پڕدەردی زەمانە
نەبوونی زاڵمێکی بێ ئەمانە
سەعیکردن لە قورئانا بەیانە
بە کفری تێ ئەگا ھەر کەس نەزانە

برا بۆ تۆمە من عاجز نەبی لێم
مەڵێ خراپە ھەرچی کە من ئەیڵێم
بە پشکۆی جاھیلی سووتاوە ژێرپێم
نەخۆشێکی پەرێشانم لەسەر جێم

ئەتۆ «موفتی» ئەگەر ئاوازە خۆشی
لەبۆ خۆت بگری تا ئەمری نەخۆشی
بە داخی خەڵکەوە بۆچ وا بەجۆشی
مەتاعی چاکە ھەڵبەت ئەیفرۆشی

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry