٢٩٦٣
✓ قانێع
- پێنجخشتەکی لەسەر شیعرێکی موفتی پێنجوێنی
لە سایەی عیززەتی نەفسم لە پاشا مەرحەبا ناکەم
لە ئەربابی کەرەم دوورم بە کەس خۆم ئاشنا ناکەم
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم سواڵی سەرکەوا ناکەم
ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بەبا ناکەم
ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم
لە تۆزی ئاشەدا غەرقم لە تەوقی سەر هەتا ئەژنۆم
نە ترسی ئەمری مافەوق و نە مەحکوومی بەراتی تۆم
بەڵام چەن خۆشە ئەو تۆزە کە هەر خۆم ئامیرم بۆ خۆم
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم
براکەم فرسەتە ئەمڕۆ بڵێ بەو یاری دێرینم
لەسەر هەر دینێ من ئەمرم ئەویش هەر بێتە سەر دینم
کە چون شێرانییە فیکر و خەیاڵی زیندەگی و ژینم
لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم
چ خۆشە تا ژیانت بێ لەلای کەس کەچ نەکەی گەردن
عەرەق بڕژێ لەناو چاوت لە ڕێگەی کاسبیکردن
بەشەرتێ سەر بەسەربەستی لە مەیدانا بەدەربردن
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم
لەبەر پەستی گەلی کوردە کە وا ڕەنج و تەقالامە
لەسەر ئەم هۆزە چل ساڵە بەتەنیا هەوڵ و داوامە
بەتاڵانی لەدەس دەرچوو سەفای ئەم زێد و ماوامە
مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم
لە داخ ئەم چەرخە کەچبازە هیلاک و سینەچاک چاکم
وەکوو تەیرێ هەڵۆ لێی دا کز و خەڵتانی ناو خاکم
بەبێهۆشی ئەسووڕێمۆ ئەڵێی سەرگێژی تریاکم
وەها غەرقی مەراقی پڕجەخاری کاری ناپاکم
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکێ دەردم دەوا ناکەم
دە شەرتە شەرتی مەردی بێ لە دنیا تا حەیاتم بێ
نە هیوای سەر قەڵەمدانە و نە ئومێدی خەڵاتم بێ
لەسەر ئەم حاڵەتی خۆمە ئەگەر بێت و سوباتم بێ
بەئوممێدم بەسەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
لە دنیادا کە هیچ کەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم
قەناعەت چاکە وا چاکە بساچێنم بە شۆرباوێ
کەوای تاقەی منەت لابەم لەبەر کەم شاڵ یا جاوێ
لەبۆ دانەی تەماعکاری نەکەومە گێژی هیچ داوێ
ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی "شێخ ڕەزا" ناکەم
هەزاران ئافەرین «موفتی» لە ڕەفتار و لە ئایینت
بەوەڵڵا حەیفە تۆ بمری و برات هەڵکاتە تەڵقینت
لەگەڵ تووتنچی تێکەڵ کە دە «قانع» شیعری ڕەنگینت
ئەگەر «موفتی» یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لەلا ناکەم