✓ فایەق بێکەس
- پێنجخشتەکی لەسەر شیعرێکی کوردی
لە دنیادا نییە وەک من بە عەشقی ئەو گروفتارێ
سەروماڵم لەڕێی دانا کەچی لوتفی نەبوو جارێ
سەفیل و دەربەدەر لە کووچە و قوژبنی شارێ
ئەمان مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویسال یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ
تفوو لەم دەهرە پڕقەهرە لە خۆشی و سەروەت و بوونی
ئەوەی دانایە بۆی نایە سەفایە لای کەر و کوونی
لە داخی دەوری ناهەموار و پیشە و کردەوەی دوونی
لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بەمەحزوونی
وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ
هەموو کەس پێم ئەڵێ شێتی وەها خۆت مەحوو بەربا کرد
لە ڕێی ئەم خاکەدا فەوتای و سەد لەککەت کە پەیدا کرد
چ سوودێکی هەبوو بۆ تۆ ئەوەندەت جەنگ و دەعوا کرد
ئەلای هەر کەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد
درێغ کوا حاڵزانێ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ
لە کۆڕی عەشق و دڵداری هەتا زوو دەربچم چاکە
هەموو ڕەنجم بەفیڕۆ چوو لەگەڵ ئەو شۆخە بێباکە
ڕەزیل و سووک و ڕیسوا بووم وەرە حاڵم تەماشا کە
لەژێر باری خەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخرشەڕی لێم بوو بە سەربارێ
ئیلاهی بۆچ لە دنیادا بەشی من شین و گریان بێت
عەدەم لەم ژینە خۆشتر بوو عەریزەم خۆ نەدابوو پێت
هەمیشە وێڵ و سەرگەردان و بە سەودای عەشقەوە وەک شێت
سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت
بڵێ کێشاویەتە مەیخانە چاوی بێچووەعەییارێ
سەفا دوورە لە ئینسانی ئەدیب و عاشق و شاعیر
بەشی هەر دەرد و زووخاوە دەروونی کەیل و پڕئاگر
چ دڵسەختێکە تووشی بووم نەجاتم دەی خودای قادر
لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەسیە دەڵێ کافر
ئەمە چیت دیگە تۆ سەگمەرگی کارم ماگە پێت جارێ
برا کەوتوومە بەر لیسی زەمانە و چەرخی چەپکردەی
بەناشوکری نەبێ ڕۆژێ نەبوو بۆ خۆم بڵێم ئۆخەی
عیلاجی دەردی من نایە بە عوود و ڕوود و جامی مەی
وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەما سادەی
ڕەفیقان نیوەسووتن، ئێوە نامەرد، عەرزە هاوارێ
هەزاران ڕەحمەتت لێ بێ لە شیعرا جەن تەڕ و وردی
عەزیزم «مستەفابەگ» تۆ نەمردووی کێ ئەڵێ مردی
جوابی وایە «بێکەس» گەر بڵێن تەقدیری بۆچ کردی
دوڕ و یاقووت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی «کوردی»
دەسا خوا کوا لە دنیادا قەدرزان و خەریدارێ
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry