✓ فایەق بێکەس

داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ
سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەر ناگرێ

پیاو ئەبێ بۆ سەندنی هەقی لە مردن سڵ نەکا
هەر "بڕووخێ" بەس نییە، تاکوو نەسەندرێ نادرێ

کورد ئەگەرچی موددەتێکە دیل و داماوە بەلام
باوەڕت بێ ڕۆحی میللی هەر ئەمینێ نامرێ

تۆ ئەگەر ئیسلاحی قەوم و نیشتمانی خۆت ئەوێ
لێت موحەققەق بێ بەبێ شۆڕش مەحاڵە ناکرێ

بیری ئازادی جیهانی گرتەوە، توخوا بەسە
ئەم نیزامە کۆنە تا کەی هیممەتێ کەن لابرێ

قەت مەڵێن دوژمن بەهێزە تۆپ و تەییارەی هەیە
ئیتفاقتان گەر هەبێ زۆر زەحمەتە خۆی ڕاگرێ

ئەم وڵاتە خۆشەویستە خاکی گوڵگوون بوو بە خوێن
تا حەقی دەسگیر نەبێ لەو خوێنە دەست هەڵناگرێ

نێر و مێ هەر دوو بەجووتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن
دوورە دەرچوونی لە دیلی، مەل بە باڵێ نافڕێ

هەوڵی ڕاستی هەر دوو لا ئامانجی میللەت سەر ئەخا
چونکە مەعلوومە بە یەک دەست چەپڵە قەت لێ نادرێ

وا گوڵۆڵەی کەوتە لێژی باوی ئیستعمار نەما
هیچ کەسێ ئیتر بە زوڕنا و تەپڵی ئەو هەڵناپەڕێ

...

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry