٤٠٣٢

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

دەوامی سەر وەفابوونم نیشانەی حەددی زاتم بوو
نەزەرفەرموونی دڵدارم لە جێی مووچە و بەراتم بوو

برینی کۆنی سینەم بوو سەری هەڵدایەوە ئیمڕۆ
تەبیبی ڕووی کە دەر کەوت حمد الله زوو نەجاتم بوو

جوانم شوهرەت و شێوەت کە کەوتە ساحەیی عالەم
هەزار لەعنەت لە خاچ و دووهەزار لەعنەت لە لاتم بوو

ڕەقیبم پێی گوتم یار قەسدی کوشتنتە درۆی فەرموو
کە چی زەهری دەسی یارم لەجێی نوقڵ و نەباتم بوو

جەماڵی ڕووی وەکوو مانگی شەوی چواردە لە کەل دەر هات
لە سایەی ئەو جەماڵەی بوو لە بەندی غەم نەجاتم بوو

لە غەیری جەور و بێدادی چ خێرێکم لە عومرم دی
موقابیل ئەم هەموو غەدرەی بزانن چۆن سوباتم بوو

هەزاران تیری تانەم دی لە تابووری موژەی باری
بەڵێ پێم خۆش بوو ئەم تیرانە جێی -هەیە- خەڵاتم بوو

چرای ڕووی بوو شەوێ نیوەی مەهی پێش ڕۆژە بۆم دەر کەوت
شکور پێک هات دڵم قوربان کە وا ئیمشەو بەراتم بوو

ئەزەل وا هاتووە دائیم ئەبێ شادی لەگەڵ غەم بێ
کە زەهری دایە سەرفیترە جنێویشی زەکاتم بوو

بە دەستی نازکی ئەو شەربەتەی ئەم جارە چەشتوومە
عەجایب نابێ گەر نەمرم ئەمە ئاوی حەیاتم بوو

جەنابی حەزرەتی - - وەسیەت بێ لە ئێستاوە
کە تەڵقینم لەسەر قەبرم بدەی ڕۆژی مەماتم بوو

لە دوای تەڵقین ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم تەماشا کەن
لە دونیادا هەتا مابووم ئەمە زات و سیفاتم بوو

Kurdish_Poetry

٤٠٢٠

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

خۆزگە سەد خۆزگەم بەوەی مەیلی بە دڵداری نییە
ئەو کەسەی یاری نەبێ مەعلوومە ئازاری نییە

من لەژێر باری غەما عەینی کەمانە قامەتم
خواپێداوی وایش هەیە ڕووقائیمە باری نییە

خۆ بە شمشێری برۆ و موژگانی دیدە کوشتمی
هێندە بێشەرمە وەفاکەی پار و پێراری نییە

چاو تەمای بینی نەماوە بێ تەماشای ڕوویی ئەو
غەیری تەسلیمی قەزا بێچارەیە چاری نییە

قەولی زۆری داوە پێمان هیچی نەیهێناوە جێ
وادە تێپەڕ بوو لە دوو ساڵ نیمەکرداری نییە

باغی جوانان پڕ لە سەرو و عەرعەر و عوود و چنار
حەیفە ئەم باغە جوانە داری بەرداری نییە

حمدلله موددەتێکی زۆرە ڕەنجوورە ڕەقیب
هێندە گیانسەختە چ فایدە دەردەکەی کاری نییە

ئەم خەیاڵاتە هەموو هیچە ئەگەر ڕاستت ئەوێ
ڕێگەیی چاتر لە قاپیی حەزرەتی باری نییە

Kurdish_Poetry

٣٩٦٠

 

✓ عارف عورفی

مەیاڵۆزێنە زوڵفت مەیخەرە بەر دانەیی شانە
بە شکڵی ئێستەکەی جوانە کە وا پەخشانی سەر شانە

بە ڕەنگی زاهیرم باوەڕ مەفەرموو شاد و خەندانم
تەماشای خانەیی سینەم بکە ئێرانە وێرانە

مەیێڵە ناحەزانت چاو ببڕنە باغچەیی سینەت
مەبادا دەس بهاوێژن بۆ ناو ئەو باغ و بێستانە

لە کۆڕی عەشقبازانا چراغی ڕووت ببینێ دڵ
بەناچاری لە دەوریا هەر وەکوو پەروانە سووڕانە

کە خورشیدی ڕوخت بینم سەباحی مەحشەرم هەڵدێ
کە زوڵفت دای بپۆشێ تەنگی بانگی نوێژی شێوانە

دڵم زێڕێکە بێهەمتا لەناو بۆتەی غەما سووتا
لە گەرمی ئاگری ڕووتا لەتاوانە لە تاوانە

عەمارەتگاهی دڵداران بوو سینەم ئێستە بیبینە
بەجارێ دار و پەردووی داڕووخا ئەم خانە وێرانە

هەتا کەی کەم سەبووری، ئەی سەبووری تووت هەڵگیرێ
شەو و ڕۆژم بناڵێنم بەدەم ئەم دەردی هیجرانە

برینی دەردی دڵ «عورفی» تەداوی ناکرێ ئیللا
تەبیبی ڕووی مەگەر بیکا عیلاجی ئەم برینانە

Kurdish_Poetry

٣١٤٨

 

✓ عارف عورفی

هەچی ڕەنجێ کە کێشام ئاخری کارم نەدامەت بوو
تەریقەی گۆشەگیریم گرت ئەمە ڕێگەی سەلامەت بوو

غەڵەت بووم پێم نەزانیبوو پەشیمانی ئەبێ حاسڵ
دڵی بێچارە ناحەق ئینتیزاری پەیک و نامەت بوو

بەڵا بوو یاخۆ باڵا بوو بە دڵ زۆرم سەرنج داوە
تەواو حاڵی نەبووم ئێستەیش کە قامەت یا قیامەت بوو

کە شمشێری برۆی کێشا بەجارێ تاک و جووت وەستا
لە ڕێگەی عەشقدا بۆ کوشتنی ئێمە عەلامەت بوو

مودەڕیس حەقیەتی سوجدە بباتە بەر جەماڵی ڕووی
کە دی ئەو جووتەئەبرۆی تاقی میحرابی ئیمامەت بوو

گەهێ قیبلەی پەرەستی، گەھ ئەبەستێ ڕوشتەیی زوننار
لە ئیعتیقاد و ئایینا سەرم سووڕماوە کامەت بوو

بەسە «عورفی» بەسی بێ پەیڕەوی جوانان ئیتر مەگرە
لە عەشقا کاروباری تۆ نەتیجەی هەر نەدامەت بوو

پەرێشانە کەلامت شێوەیی شیعرت پەشێواوە
دیسان سەد "بارك الله" بۆت ئەمە نووسینی خامەت بوو

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٣٦

 

✓ عارف عورفی

قوربان جەژنەکەی قوربانەن ئیمڕۆ
ڕۆژی قوربانی قوربانەن ئیمڕۆ

نیگای مەرحەمەت پەی دەردەداران
پەرێ زامی دڵ دەرمانەن ئیمڕۆ

لافاوی دەردی دووری نەوخاڵان
سەرچاوەی چاوم سەیلانەن ئیمڕۆ

جەژنەکەی قوربان پەی ئازادییەن
نۆرەی وەسڵەکەی یارانەن ئیمڕۆ

سەرگۆنای ئاڵی ڕووی نەوجەوانان
فێنکی دڵەی پیرانەن ئیمڕۆ

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣٠٨٤

 

✓ عورفی

جەژنت پیرۆز بێ بە دڵێکی خۆشی
شەرابی عەیشی و سەفا بنۆشی

با یەکتر بکەین گەردەنازادیی
نەوەک ڕوو بدا لەپڕ جودایی

هەموو دۆستێکم جەژنە پیرۆزی
پیرۆز بێ یاخوا لە گشت ئازیزی

«عورفی» بێچارەیش لە کونجی خەڵوەت
بمێنێ دائیم بۆ دەرد و میحنەت

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry 

٣٠٦٥

 

✓ عارف عورفی

ئەگەر دولبەر بەدڵ ڕۆژێ وەفا کا
بە ڕووی ڕاستی ئیتر تەرکی جەفا کا

سەروماڵم فیدای خاڵێکی هیندووی
ئەگەر تەرکی جەفا بەهری خودا کا

خودا هەڵناگرێ ئەسبابی چی بوو
بەوێنەی پەرچەمی ڕۆژم سیا کا

وەکوو ئێمە ئەگەر ڕۆژێ ڕەقیبێ
بەدەس جەور و جەفاوە موبتەلا کا

بە سەرگەردی ئەبم ڕۆژێکی سەد جار
لەسەر ئێمە ئیتر تەرکی جەفا کا

لەسەر چی بوو، گونەھ چی بوو دڵی من
دووچاری زەخمی شمشێری قەزا کا

وەکوو زانیومە دولبەر بێخەتایە
خەتای بەچچە بێ، نابێ خەتا کا

بەناز و عیشوە تەشریفی بفەرموێ
برینی دەردی دڵ ئەمجا دەوا کا

لە دونیادا هەتاکوو ماوە «عورفی»
لە خۆشییانا ئەبێ دائیم سەما کا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry 

٢٩٨٩

 

✓ عارف عورفی

حەیفە بێ تۆ ئارەزوویی چەشمەیی کەوسەر بکەم
گەر بکەم دڵ موستەجابی زەڕبەیی نەشتەر بکەم

دوێنێ ڕابووردووی نیگاهت کرد بە گۆشەی چاوەکەت
کافرم گەر بەو نیگاهەت کافر ئەر باوەڕ نەکەم

کونجی خەڵوەت گرتن و سەحرانشینیم تا بەکەی
ساقیا جامێ بدە تا تەرکی هەر دوو سەر بکەم

پێنج و دوو ڕۆژێکە عومر و عاقیبەت هەر مردنە
بۆ چی حەسرەتکێش بمێنم خوێشم ئاخرشەڕ بکەم

عەشقبازی و تەرکی بۆ ئێمە ئیتر زۆر موشکیلە
تاکوو ماوم شەرتە هەر مەیلی قەدی دولبەر بکەم

ئەی مەلا تەخمیسی کە ئەم نەزمە بۆ تۆیە خیتاب
تێکی بشکێنە سەراپا تاکوو پێت باوەڕ بکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

١٨٢٦

 

✓ عارف عورفی

سەبەب نامیهرەبانیی حەزرەتی جانانەیە ئەمشەو
کە شاری شۆڕشی سینەم وەکوو وێرانەیە ئەمشەو

لە شوعلەی ڕووی یارە دڵ ئارام ناگرێ ساتێ
بە دەوری شەمعی ڕوویا هەر وەکوو پەروانەیە ئەمشەو

بەبێ جورم و جینایەت ئەم دڵی بێچارەیە بۆ چی
بە کۆتە دەس و پێ بەستراوی بەندیخانەیە ئەمشەو

بەهاری خونچەی گوڵزاری ڕووی جانانە باعیسی بوو
بەبێ سەبر و قەرار دڵ ئارەزووی مەیخانەیە ئەمشەو

لە کێوی بێستوونا دێ سەدای گریەی فەرهاد
لە شۆری عەشقی شیرینی وەکوو دێوانەیە ئەمشەو

دەمێکە مەزرەعەی بەختم ئەکێشێ دەردی بێ ئاوی
شکور وا دەوری حەڵقەی مەهـ لەسەر خەرمانەیە ئەمشەو

دەماغت زائیلە [عورفی] ئەبینم جوملە ئەشعارت
لە لاوی لاچووە شێوەی لەسەر پیرانەیە ئەمشەو

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry