٣١٤٨
✓ عارف عورفی
هەچی ڕەنجێ کە کێشام ئاخری کارم نەدامەت بوو
تەریقەی گۆشەگیریم گرت ئەمە ڕێگەی سەلامەت بوو
غەڵەت بووم پێم نەزانیبوو پەشیمانی ئەبێ حاسڵ
دڵی بێچارە ناحەق ئینتیزاری پەیک و نامەت بوو
بەڵا بوو یاخۆ باڵا بوو بە دڵ زۆرم سەرنج داوە
تەواو حاڵی نەبووم ئێستەیش کە قامەت یا قیامەت بوو
کە شمشێری برۆی کێشا بەجارێ تاک و جووت وەستا
لە ڕێگەی عەشقدا بۆ کوشتنی ئێمە عەلامەت بوو
مودەڕیس حەقیەتی سوجدە بباتە بەر جەماڵی ڕووی
کە دی ئەو جووتەئەبرۆی تاقی میحرابی ئیمامەت بوو
گەهێ قیبلەی پەرەستی، گەھ ئەبەستێ ڕوشتەیی زوننار
لە ئیعتیقاد و ئایینا سەرم سووڕماوە کامەت بوو
بەسە «عورفی» بەسی بێ پەیڕەوی جوانان ئیتر مەگرە
لە عەشقا کاروباری تۆ نەتیجەی هەر نەدامەت بوو
پەرێشانە کەلامت شێوەیی شیعرت پەشێواوە
دیسان سەد "بارك الله" بۆت ئەمە نووسینی خامەت بوو
+ بڵاو کرایەوە لە 2018/9/4 ـدا کاتژمێر 0:10 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|