٣٠٦٥
✓ عارف عورفی
ئەگەر دولبەر بەدڵ ڕۆژێ وەفا کا
بە ڕووی ڕاستی ئیتر تەرکی جەفا کا
سەروماڵم فیدای خاڵێکی هیندووی
ئەگەر تەرکی جەفا بەهری خودا کا
خودا هەڵناگرێ ئەسبابی چی بوو
بەوێنەی پەرچەمی ڕۆژم سیا کا
وەکوو ئێمە ئەگەر ڕۆژێ ڕەقیبێ
بەدەس جەور و جەفاوە موبتەلا کا
بە سەرگەردی ئەبم ڕۆژێکی سەد جار
لەسەر ئێمە ئیتر تەرکی جەفا کا
لەسەر چی بوو، گونەھ چی بوو دڵی من
دووچاری زەخمی شمشێری قەزا کا
وەکوو زانیومە دولبەر بێخەتایە
خەتای بەچچە بێ، نابێ خەتا کا
بەناز و عیشوە تەشریفی بفەرموێ
برینی دەردی دڵ ئەمجا دەوا کا
لە دونیادا هەتاکوو ماوە «عورفی»
لە خۆشییانا ئەبێ دائیم سەما کا
+ بڵاو کرایەوە لە 2018/5/28 ـدا کاتژمێر 23:56 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|