٤٠٣٢
✓ عارف عورفی (1896 - 1961)
دەوامی سەر وەفابوونم نیشانەی حەددی زاتم بوو
نەزەرفەرموونی دڵدارم لە جێی مووچە و بەراتم بوو
برینی کۆنی سینەم بوو سەری هەڵدایەوە ئیمڕۆ
تەبیبی ڕووی کە دەر کەوت حمد الله زوو نەجاتم بوو
جوانم شوهرەت و شێوەت کە کەوتە ساحەیی عالەم
هەزار لەعنەت لە خاچ و دووهەزار لەعنەت لە لاتم بوو
ڕەقیبم پێی گوتم یار قەسدی کوشتنتە درۆی فەرموو
کە چی زەهری دەسی یارم لەجێی نوقڵ و نەباتم بوو
جەماڵی ڕووی وەکوو مانگی شەوی چواردە لە کەل دەر هات
لە سایەی ئەو جەماڵەی بوو لە بەندی غەم نەجاتم بوو
لە غەیری جەور و بێدادی چ خێرێکم لە عومرم دی
موقابیل ئەم هەموو غەدرەی بزانن چۆن سوباتم بوو
هەزاران تیری تانەم دی لە تابووری موژەی باری
بەڵێ پێم خۆش بوو ئەم تیرانە جێی -هەیە- خەڵاتم بوو
چرای ڕووی بوو شەوێ نیوەی مەهی پێش ڕۆژە بۆم دەر کەوت
شکور پێک هات دڵم قوربان کە وا ئیمشەو بەراتم بوو
ئەزەل وا هاتووە دائیم ئەبێ شادی لەگەڵ غەم بێ
کە زەهری دایە سەرفیترە جنێویشی زەکاتم بوو
بە دەستی نازکی ئەو شەربەتەی ئەم جارە چەشتوومە
عەجایب نابێ گەر نەمرم ئەمە ئاوی حەیاتم بوو
جەنابی حەزرەتی - - وەسیەت بێ لە ئێستاوە
کە تەڵقینم لەسەر قەبرم بدەی ڕۆژی مەماتم بوو
لە دوای تەڵقین ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم تەماشا کەن
لە دونیادا هەتا مابووم ئەمە زات و سیفاتم بوو