٤١٢٤
✓ عارف عورفی (1896 - 1961)
هەتا کەی گۆشەگیری خەڵوەت و خۆم تووشی سەودا کەم
لە بازاڕی عەشقدا شۆڕشی ئەم جارە بەرپا کەم
یەهوودی مەزهەبێکە وا منی خستۆتە بەحری غەم
بە هیچ جۆرێ لەناو ئەم گێژی بەحرە ڕێگە دەرناکەم
خەیاڵی شەوقی ڕووی نەیهێشتووە حەرفێ لە سینەمدا
لەمەولا سەرلەنوێ وا چاکە تەدریسی ئەلفبا کەم
لەدەست ئەم کافرە جێگام لەسەر ئەرزا نەما ناچار
وەکوو عیسا بەرەو ڕووی ئاسمانی چوارەمین ڕا کەم
بە کام وەعدە و وەعیدی ئەم خواگرتووە بکەم باوەڕ
مەگەر ئەستۆی لە پاداشا حەوالەی تیغی مەولا کەم
لەلای دولبەرم بێزارە لێم، لای ڕەقیب دڵشاد
سەرم سوڕ ماوە لەم وەزعەم، لەلای کێ عەرزی شەکوا کەم
کە وا یارم زویر بێ تاقەتی جەریشی نەبێ ناچار
دڵ و دین و عەقڵ ماوە ئەویش ئەمجا بەرەڵڵا کەم
موحیبەت ماڵی وێران بێ بەجارێ تێکەڵی خوێن بوو
بەناچاری لەگەڵ ئەم دەردە دەبێ تا سەر مودارا کەم
ئەگەر دەرد و غەمێ دیومە بەجارێ بیخەمە تەحریر
ئەبێ دیسانەوە من دەفتەرێکی تازە ئینشا کەم
خودایا دەستگیرم بی لە زومرەی ساڵحانت بم
نَعَم بێژم بە تەنهاییت خودا حاشا کە حاشا کەم
لەبەر قاپی کەرەمتا هەڵترووشکاوم وەکوو «عورفی»
خودایا نەمکوژی تا ڕوو لە قاپی شاهی لەولا کەم