٤٥٠٢
✓ عارف عورفی (1896 - 1961)
پەرێشانە دڵم بە خوا بەدەستی داو و تەزویرت
چ فکرێکت هەیە قوربان بفەرموو ڕای و تەدبیرت
فەقیرە، بێکەسە، مەزڵوومە، توخوا وازی لێ بێنە
ئیتر بەس بێ، بکە خێرێ لە ڕێگەی باووباپیرت
گوناهی چی بوو، نازانم خۆ هیچ کەعبە نەڕووخاوە
هەتا کەی هەر بمێنێ دڵ ئەسیری بەندی زنجیرت
تۆوە دائیم مەزرەعەی غەم تا بچێنی بۆ منی مەزڵووم
منیش بێ جەبر و تەکلیف ئەی عەزیزم ئەبمە ئاوێرت
ئەوەندەی من تەعریفی قەد و باڵات ئەکەم ئاخۆ
بووە مەعلووم کە دڵگیری وە یاخۆ بۆتە دڵگیرت
پەشێوە شێوەی خورشید و ماهـ شێوەت تەماشا کەن
پەشیمانی ئەکێشن ماهـ و خۆر گەر بێنە تەعبیرت
چ شێخێکە ئەوەی تۆی وا نەسێحەت کرد بۆ ئەم غەدرە
بەسە دەس هەڵگرە سۆفی بە حەققی حەزرەتی پیرت
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/7/11 ـدا کاتژمێر 16:24 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس