٤٢٩٠
✓ عارف عورفی (1896 - 1961)
لە بەندیخانەیی دەرد و غەما تا کەی نەزارەم کەن
دەخیل ئامان لە ڕێی خوادا وەرن ئەم جارە چارەم کەن
فەلەک کۆستت کەوێ یاخوا بڕووخێ تاق و ئەیوانت
بەبێ سووچ و گونەهـ بۆ ❞سور کنی❝ ئەم خاک و شارەم کەن
هەزارانی تەڵاق دا سێ بە سێ ئەم پیرە فەرتووتە
خورووی دانامرێ هێشتا ئەڵێ دووبارە مارەم کەن
بە حیلە دەستەمۆ نابم مەگەر شەمعی ڕوخی دەرخەن
بەوێنەی تەیری ناو لانە بە شەو تووشی شەوارەم کەن
نەوەک تووشی نەخۆشی بێ، ڕجام وایە لە ئێوە من
❞نەک❝ دەرمانی دەردی چاوی ئەو یارە قەنارەم کەن
هەتا کەی دەردی هیجرانم گوناهی من ئەبێ چی بێ
بەسە تاقەت نەما بەس تووشی ئەم دەرد و مەرارەم کەن
سوتا خانەی سەبووریم و کڵوکۆی دامرا سینەم
عیلاجی دەردەکەم یاخۆ لە ڕێی خوادا ئیدارەم کەن
بەڕەغمی ئەم هەموو قەهرەی لەدەس ئەو یارە چێشتوومە
دەس هەڵناگرم هەتا ماوم بە خەنجەر پارەپارەم کەن