✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

دڵە بێچارەکەم شایەد بە غافڵ دەسخەڕۆی تۆ بێ
دەری کەم شەرتە نەیهێڵم لەسەر ئەخلاق و خووی تۆ بێ

ئەبێ ئەشکی نەدامەت دابڕێژێ چاوی من دائیم
ئەگەر نووری بینایی ئەو بە ئەمر و ئارەزووی تۆ بێ

غوڵامی فکری بکری من نەوەی نابێ ڕەسەن بێنێ
ئەگەر ئەو بەرهەمە ڕاست بێ بەری تۆوی نەوەی تۆ بێ

کەمەندی پێچراوەی پێم لە پێم نابێتەوە هەرگیز
ئەگەر ئەو بەستراوە بەستەیی زنجیری مووی تۆ بێ

لە ڕێی خوادا عیبادەت پیشەیی ئەییامی عومری بێ
جەهەننەم جێگەیێتی ئەو کەسەی چاوی لە دووی تۆ بێ

بەبێ جورم و جینایەت کوشتنی عاشق لە کوێ ڕووی دا
نەبووە، نابێ لە دونیادا مەگەر ئەخلاقی زووی تۆ بێ

بەڵێ دیارە کە بەدعەهدی لە زومڕەی نەوجەوانانە
ئەویش بەدعەهدە ئەو جیلەی لە تۆ بێت و لە دووی تۆ بێ

چەمەن گەر بیهەوێ تەشبیهی ڕووی تۆ کا موقابیل گوڵ
خەجاڵەتبارە تا قیامەت ئەبێ مەحجووبی ڕووی تۆ بێ

Kurdish_Poetry