٣١٢٥
✓ شێرکۆ بێکەس
ئێستە مەرگم هەموو شەوێ
جارێ دوو جار
بە سەردان دێ و شان ئەداتە سەر شانی
خەونەکانم
ئێستە مەرگم سێبەرێکە
هەموو ڕۆژێ
هەنگاوەکانم ئەژمێرێ و
ئەمپشکێنێ و ئەگەڕێ بۆ
تازەترین ناونیشانم
✓ شێرکۆ بێکەس
ئێستە مەرگم هەموو شەوێ
جارێ دوو جار
بە سەردان دێ و شان ئەداتە سەر شانی
خەونەکانم
ئێستە مەرگم سێبەرێکە
هەموو ڕۆژێ
هەنگاوەکانم ئەژمێرێ و
ئەمپشکێنێ و ئەگەڕێ بۆ
تازەترین ناونیشانم
✓ شێرکۆ بێکەس
ئێوە ئەتوانن شیعرمان دەربەدەر کەن
گوڵدانەکانی چیرۆکمان وردوخاش کەن
ماڵەکانمان بدەن بە کۆڵی دووکەڵ و دەببابەدا و
بەکۆمەڵ بیانگوێزنەوە
کێ نایزانێ
ئێوە ئەتوانن ئازارمان له پێکەنینی خۆتانا بتوێننەوە
ئەتوانن و ئەتوانن و ئەتوانن
بەڵام ئەوەی له خەونی گورگەبۆرەکەی یەکەمەوە
نەهاتە دی و نایشێتە دی
ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ
سڕینەوەی ئازادییە له ڕۆحمانا
کوشتنی عەشقی ئەبەدیی دار و بەردە لە ناخمانا
ڕاماڵینی خۆشەویستیی دیاربەکر و کەرکووکە له دڵمانا
کۆتاییی ئێمە کاتێکە کە کۆتاییی هەناسە هات
ئەوەی "ئا"ـیە و نابێ بە "نا"
کوژانەوەی ئایندەیە له چاوی یەکبەیەکمانا
✓ شێرکۆ بێکەس
«ناهید» ئەڵێ
زەریاکانی چەندین سەدە وان لە سەرما
من هەڵمی دوێنێ و
بارانی ئەمێستاکە و
خەونی سەوزی سبەینێشم
لە یەک وەختا یەک ناوم هەیە و سەدان ناو
مێیینەم و نێرینەم و گیاندارم و بێگیانیشم
من خۆم زەمانی قوربانیی بێبڕانەوەی ئەوینم
سەدهەزار جار کوشتوویانم
سەدهەزار جار ژیامەوە
من گەردنی ژێر شمشێری
زەردی هەموو کات و سەردەمێکم
من ئەو خوێنە نەفرەتییەم کە ڕشتنم نابڕێتەوە
سەدە هات و سەدە ڕۆیشت و من یەکەمین دەریاچەی
گوناهی جوان، گوناهی شەنگ، بووم بە دایکی
هەموو مێرگە کوژراوەکان، بووم بە سەری پڕ لە قیژەی
مێژووی ئاو و مێژووی خۆڵ و هەقی چوارمێخەکێشراوی
ڕەجمکراو
من تەباییی ناکۆکییەکانم
کۆنی تازەم
زامی ساغم
سوێی تریقەی پێکەنینم
ماڵی بێجێم
بەهەشتییەکی دۆزەخیم
ڕەشەبایەکی لەسەرخۆم
شەماڵێکی پڕ لە پشکۆم
شەرابی بێدارکەرەوەم
تۆبەی مەستم
پەپوولەیەکی زۆر دڕم
کڵپەیەکی ساردوسڕم
خۆرەتاوێکی تاریکم
تاریکاییی چراخانم
کوێستانێکی پڕووکاو و
بیابانێکی پاراوم
تەمومژ و لێڵیی ڕوونم
من ئەشکەنجەی کامەرانی و پێکەنینم
ئاخ لە من ئاخ لە من ئاخ
نامۆی ناو ماڵەکەی خۆم و
غەریبی ناو گیانی خۆمم
سپیی ڕەش و ڕەشی سپی و
دەنگدانەوەی ناو بێدەنگی و
ڕەنگدانەوەی ناو بێڕەنگی و
سووڕانەوەی ناو وەستانی جەستەی خۆمم
من بیناییی نابیناییم
من کەسدارێکی بێکەس و
جوگرافیای بێخەریتە و
ماتماتیکی بێژمارە و
کارەساتی بێدیرۆک و
ڕێزمانی بێزمانی دەنگی خۆمم
✓ شێرکۆ بێکەس
من کچەچاوسەوزێکی "میدیا"ـییم
ناوم«ناهید»ـە
شەرابی "گاتا"ـکان لە ناوەکەم ئەچۆڕێتەوە
من بە نێوی «ناهید»ـی خواوەندی جوانی و میهرەوە ناونرام
گەڵازەیتوون چاومە و چاوم گەڵازەیتوونە
باڵام کڵپەیەکی کەڵەگەتە، گەردنم کێلی ڕەوەزانە
ئەو شەوەی لەدایک بووم
مانگ لە دەربەندی "پیرەمەگروون"ـدا قەتیس مابوو
مانگ بەهانای "مەزد"ـەوە هاتبوو
ئەو شەوەی لەدایک بووم
لە تێلی تاوسیانەوە پێچام و حەوت جار
بەدەوری ئاگرێکی خۆشدا گێڕایانم
چل قومریی باڵشین بۆیان ئەخوێندم
چل گوڵەهێرۆشیان کردبوو بە چەتری سەر سەرم
ئەو خاڵەی لەسەر تەختی تەوێڵمە
نیشانەیە، ئەوە شوێنماچی پیرۆزی "ئاهورامزدا"ـیە
من لە دەستەی فریشتە سپییەکانی "میدیا"ـم
باوکم ڕەزەوانی پەرسگە گەورەکەمانە
باوکم بە ڕیشە سپییەکەیەوە
لە درەختی نووری "ئاوێستا" ئەچێ
من تاقانەی ئەو بووم
وەک تاقانەی زنەی قاقڕێک
«مەردۆخ»ـی پاڵەوانی سەرسنگنەخشاو
بە سەرە «بەران»ـی پیرۆز، عاشقم بوو
چەندین بەوری بۆ کوشتم
چەندین پڵنگی بۆ ڕاو کردم
هەتا «با»ـی دڕکاویی سەحرای لە شمشێر زاو
نەگەیشتبووە لامان
ئاسمان و زەویمان وەکوو
پەڵەهەوری سپی و گوڵەگەنم پاک بوون
کە «با»ـی ڕەش گەیشت «با»ـی وەشتمان مرد
بوو بە زەمانی کوللەباریین
بوو بە زەمانی ئەوینهاڕین
ئەم «با»ـی چقڵە بەیەکەوە گوڵەگەنم و چاومان ئەخوا
بەیەکەوە پەنجەمان و لاسکی شیعر و تاڵەقژی پەریەکانی
مەملەکەتی خەونی "مید" و مەمکەکانی «ناهید» ئەخوا
✓ شێرکۆ بێکەس
کاتێ پرشنگی سەرنجی نیگات
دنیای ئارامی لێ ورووژانم
کاتێ کە لەنجەی پڕ لە مۆسیقات
تەزووی ئارەزووی خستە سەر گیانم
زانیم کە ژینی دوێنێی بێتۆیی
تەمەنی لاوییم بێهوودە ڕۆیی
زانیم کە بێ تۆ ئا ئەم ژیانە
ئاخە، کسپەیە، ناسۆرە، ژانە
✓ شێرکۆ بێکەس
مافی مرۆڤ
درۆیەک بوو
ڕۆژێ لە ڕۆژان
لە دەمی هەڵەوەڕی مێژوو دەرچوو
✓ شێرکۆ بێکەس
ئەم کاتەت باش
من ناوم ”عەدالەتە”
لەسەر زەمین چاوێکی خوا و
دەستێکی خوام
ئەوەتەی هاتوومەتە ئەم نیشتمانەوە
کەس نامناسێ و کەس نامبینێ و
ئەوەی ناوی نەبێ منم
من لێرە تەنهام
”دادگەری” ئەو وشەیەی زۆرێک لە مرۆڤەکانی بەخۆیەوە گیرۆدە و سەرقاڵ کردووە، لە نەبوونی دادگەرییەش، ناهاوسەنگی ڕوو دەدات و جەمسەرەکانی مرۆڤایەتی تەواو لێک دەکشێن و لێکترازان دروست دەبێت و ئەمەش وا دەکات دیاردەی چینایەتی لەنێوان مرۆڤەکان بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت. چینی خوارەوە “کە چینی زۆرینەیە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کێشەی دادگەریاین هەیە” لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و چینەکەی دی “وەک بەرزەکی بابان” بزەی سمێڵیان بێت.
کاتێ “داد” چاوبەستەکیی لێ بکرێت و بۆ مەرامی تاکەکەسی بەکار ببرێت، لە کاتێکدا کۆمەڵێک کەسی پێوە پەیوەست بکرێت و وەک قسەی زل، سەرکردەکان بە گەلی بفرۆشنەوە، دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بکرێت، هەموو شتێک بدزرێت و کەسیش نەزانێت و کاتێکیش بزانرێت کە کار لە کار ترازاوە! ئەوسا سەر زەمین بۆگەن دەبێت و ئەوەی هەستی بۆنکردنی هەبێت لەم هەستە بێبەش نابێت و بۆنی درۆی بەرپرسەکان، وڵات سیخناخ دەکەن. کاتێ یاسادانەران، خۆیان یەکەم کەس بوون پێشێلی یاسایان کرد، ئەوسا بنیادنەرانی وڵات و نیشتمان، دەبن بە درۆزەکەر و چاوی کەسوکاریشیان دەبێت تەنها سەیر بکەن. "هەڵمەت عوسمان"
✓ شێرکۆ بێکەس
نیوەڕۆت باش
من ناوم کیسەڵە
ئەوە چەند ساڵە لەم گوێگۆمە
حەماڵی ئەکەم
ئەو کونەیش ماڵەکەمە
بەڵام دوێنێ چەند قاچێکی نیشتمانم لێ پەیدا بوون
تووڕە و تڕۆ
بە نووکەشەق هەتا ئەو خوارە بردیانم
ئەم نیشتمانە هی هەمووانە بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانییەوە. سەدان ساڵە دروستکەری ئەم خاکەین و بەشدارین لە خۆشی و خۆشییەکانی، هەر یەکێکمان پشکێکی بەردەکەوێت لە هەردوو بارەکە، فەلسەی هەژاری و دەوڵەمەندی و دەسەڵاتداری و بێدەسەلاتی …، شتانێکن بەرهەمی ئەو ژیانەن کە تێیدا دەژین، خاوەنداریەتی ڕەها، مافی کەسێک نییە بەتەنیا، تا بیسەپێنێت بەسەر کەسانێکی دی، دەرکرێن لە نیشتمان، لەلایەن هاونیشتمانییەکی دیکە، هەر شتێک بێت، کارێکی شەڕەفمەندانە نییە، کەچی ئەمڕۆ دەبینین لەژێر پەردەی جوانکردنی ڕوخساری نیشتمان، نیشتمان بووەتە پارووییەکی چەور لەسەر زاری هەڵپەکاران و سەر زەوییان گشتی ئاودیو کرد، هەر بەوەشەوە نەوەستان، ئەم نیشتمانە نازدار و بێنازە، جەستەی سەدان کونی تێکراوە بۆ دزینی خڵتەی بنی. شاعیر هەمیشە هەوڵی داوە سوود لە سروشت و پێکهاتەکانی وەر نەگرێ، بوونەوەرەکانی سروشت پانتایییەکی زۆریان لەنێو شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا هەیە، "کیسەڵ" سیفاتی بێ وەیی و بێ زیانی و هەژاری هەیە، کە حەماڵی پێ بەخشیوە، چونکە شێوەی کیسەڵ و قاوغی پشتی و ڕۆیشتنی لەسەرخۆی وەک ئەوە وایە حەماڵێک بارێکی قورسی هەڵگرتبێت و ڕێ بکا. "هەڵمەت عوسمان"
✓ شێرکۆ بێکەس
ئێوارەت باش
من ناوم”مەترە”ـیە
مەترەی ئەرزپێوانم
بێزارم بێزار
ئەوە چەند ساڵە کۆمەڵە دەستێکی نیشتمان
لە بناری ئەو شاخەوە هەتا ناوشار
ئەمکەنەوە و ڕام ئەکێشن
بەڵێ خەمی شاعیر دابەشکردنی نیشتمانە، لەنێوان نیشتمانفرۆشەکان خۆیان، ئەو کاتەی نیشتمان ئەبێت بە کاڵایەکی هەرزانبەها و بووکەڵەئاسا مامەڵەی لەتەکدا دەکرێت، شتێک نامێنێتەوە بەناوی ویژدان، ئەگەر سەیر بکەین شاعیر واقیع دەنووسێتەوە و “مەترە” دەهێنێتە گۆ و بێزاری و شەکەتی دەخوێنینەوە لە ڕوخساری. لەم نیشتمانە هەموو شتێک داگیر کرا. کام گرد و تەپۆلکە و پێدەشت ماوە تەلبەند نەکرابێت و مۆری نیشتمانفرۆشێکی لێ نەدرابێت؟! کەچی سەدانجار مەترە تەواو دەبێت و بێ دەربەستیی ئەوان تەواو نابێت. "هەڵمەت عوسمان"