٣١٠٤
✓ شێرکۆ بێکەس
ئێوە ئەتوانن شیعرمان دەربەدەر کەن
گوڵدانەکانی چیرۆکمان وردوخاش کەن
ماڵەکانمان بدەن بە کۆڵی دووکەڵ و دەببابەدا و
بەکۆمەڵ بیانگوێزنەوە
کێ نایزانێ
ئێوە ئەتوانن ئازارمان له پێکەنینی خۆتانا بتوێننەوە
ئەتوانن و ئەتوانن و ئەتوانن
بەڵام ئەوەی له خەونی گورگەبۆرەکەی یەکەمەوە
نەهاتە دی و نایشێتە دی
ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ
سڕینەوەی ئازادییە له ڕۆحمانا
کوشتنی عەشقی ئەبەدیی دار و بەردە لە ناخمانا
ڕاماڵینی خۆشەویستیی دیاربەکر و کەرکووکە له دڵمانا
کۆتاییی ئێمە کاتێکە کە کۆتاییی هەناسە هات
ئەوەی "ئا"ـیە و نابێ بە "نا"
کوژانەوەی ئایندەیە له چاوی یەکبەیەکمانا
+ بڵاو کرایەوە لە 2018/7/9 ـدا کاتژمێر 0:6 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس