٣٣٢١

 

✓ شێرکۆ بێکەس

تا زریان نەبوو بە ئەسپم
چیا جڵەوی نەگرتم
هەتا هەڵۆ باڵەکانی خۆی نەدامێ
شیعرم نەفڕی
هەتا یار نەبوو بە هەنگم
شانەی هەنگوینم لا نەبوو
هەتا شەهیدی وڵاتم
نەهاتنە ناو باخچەمەوە
هەڵاڵەم سوور هەڵنەگەڕا

Kurdish_Poetry

٣٢٩٧

 

✓ شێرکۆ بێکەس

لە «مەحوی»ـدا تۆ ئەتبینی
زمان بووە بە نووری خوا، وشە بووە بە گەردیلەی تیرێژێکی نەهێنیی خوا. هەستت ئەکرد ئەوەی کە مەحوی ئەیبینێ تۆ نابیبنی. هەستت ئەکرد ئەوەی مەحوی بۆنی ئەکا بۆنی ناکەی، تۆ ئەتبینی خەون ئەچێتە سەر ڕانی و شیعر ئەنووسێ. وەجدێک ئەبێ بە خەرمانە و دای ئەپۆشێ.

لەناو یەک دنکەگەنمدا ئەبێ بە تاڤگەی شیر و لەسەر باڵی یەک پەروانەیش بەرەو ئیشراق ئەسووتێت و ئەتوێتەوە و هەڵەکشێ. بۆنی مەحوی و بۆنی نەهێنی و مردن و بۆنی باروونە1 و گومانە جوانەکانیش هەر یەک بۆنن. بۆنی ڕەنگە سپییەکان و بۆنی کازیوە و ئیشراق و بۆنی وەجدی پڕپەپوولە و یەزدان یەکن.

مەحوی ئەمخاتە ناو گەرووی پرسیارەوە
ئەمکا بە سۆراخێکی وێڵ
لە نێوانی ڕەحم و قەبرا
مەحوی ئەمخاتە ناو دەنگی گومانەوە
مەحوی ئەمخاتە ناو بۆنی گومانەوە
مەحوی ناهێڵێ داسەکنێم لە مەنگیدا
ئەمداتە دەست گەرداوی شێت
ئەمداتە دەست پرسیاری شێت
لە نێرینەی ورووژانی قووڵاییدا
ئەمداتە دەست گێژەنەکان
نامداتە دەست گوڵ و لم و
بە چەقەنەی دانەبەرد و ناو تەڵزمی بووندا ئەمبا
ئەو پڕوپووچی ژیان و ئەو پڕوپووچی مردن و
تراویلکەی ئەم سەفەرەی
نێوان بێشکە و گۆڕەکەی خۆم نیشان ئەدا

مەحوی ناهێڵێ داسەکێنم وەکوو وەڵام
مەحوی ناهێڵێ من هەرگیز سەقامگیر بم
وەکوو یەقین
بۆیە ئەو منی کردووە
بە هەڵچوون و بە داچوون و
بە زمانێکی دڕدۆنگ و
بە شیعرێکی پڕ لە بەڵام ...

  1. باروونە: گیایەکی بۆنخۆشە و لکەکانی باریک و گوڵەکانی وەنەوشەیین.

Kurdish_Poetry

٣٢٦٤

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: حەمە جەزا
  • شیعر: شێرکۆ بێکەس

شەو بوو
هەر پێشمەرگە و بەفر
بە بناری شاخەوە بوون
کە بەفر نووست
ئەوان وردورد هاتنە خوارێ
لە چوار لاوە هاتنە خوارێ

شەو بوو
لەبەر دەرکی سەرا
تەنها چەند سەگێکی خوێڕی و
دوو پیکابی زەرد ئەبینرا

شەو بوو
قرمژنی گوللە
گوێی گەڕەک و گۆڕەپان و سەرای کەڕ کرد
بارانی گڕ بەخوڕ دای کرد
لە چوار لاوە دەسترێژ و تەقە بڵاوە
لە ژوورەوە لە کونی کونی ژوورەوەی چەند ماڵێکدا
خائینەکان وەکوو جرجی زراوتۆقیو
وەک تووتەڵەی بەر بارانی لە سەرمادا لەشهەڵلەرزیو
خۆیان لەناو ئاودەسخانە و
ژێر زێرابدا حەشار داوە
لە چوار لاوە
دەسترێژ و تەقە بڵاوە

لە دارۆغا
پێشمەرگەکان وەک ڕەوەیەک بەوری چاوتیژ
شارەزای کۆڵان و گەڕەک
بست بە بستی دابەش بوون و
ئەوسا هەر بۆ پەند و عیبرەت
کلکی چەند جاشێکیان بڕی

لە ئازادی دوو پیکابی زەرد وەکوو عار
زەرد وەک سیمای هیتلەرەکەی شاری بەغدا
قینبارکردوو
چەند تەنێک تاوانهەڵگرتوو
دوو یەکانەی زامدار بوون و
تیژ ئەهاتن
لەناکاودا
لە پێچێکدا هەڵۆی سووریان بۆ دەرپەڕی
لوولەی سەرشانی گڕهاوێژ
دۆزەخێکی بۆ داخستن
تیا توانەوە و فریای دابەزین نەکەوتن
هەر ئەو شەوە لە کانێسکان
پێشمەرگەیەکی حەڤدە ساڵ
لە بنکەدا ناویان نابوو هەژاری زاڵ
باریکەلە و لەشسووکەڵە وەکوو ئاسک
چاوشین وەکوو قوببەی ساماڵ
گەردی خەمێ لە ڕووی نیشتوو
وەک باخی گوندێکی چۆڵبوو
لەو شەوەدا
دەمێ خێرا و دەمێ هێواش
جارێک قیت و هەندێ جاریش بە کۆمەکۆم
ئەچووە پێشێ
تا بگاتە سەر بەنگەڵەی دوژمنان و
بە نارنجۆک دایان بێژێ

لەناکاودا هەژاری زاڵ
کەوتە ناو تەلبەندی بۆسەی دوژمنان و
بە ئەڵقەیەک دەوری گیرا
هەژاری زاڵ برووسکە بوو
هاتە دەست و
لە گورگە کڵاوڕەشەکان چواری خست و
لە دواییدا شەهید کرا 
هەر ئەو شەوە بێژنگی لاشەی بە زیلێکەوە
لە قاچەوە گرێ درا
بەسەر بەرد و درکوداڵدا بە لیتاودا
بە قوڕاودا، ڕایان کێشا
هەر ئەو شەوە
لەشی سووری لەسەر تەختی مەیتخانە فڕێ درا
دوژمن وتی چەتەیەکە بێناوونیشان
بێدایکوباوک
بێکەسوکار
بۆ بەیانی کە خۆر هەڵات بینیان وا
لەبەر دەمی مەیتخانەی ئەم شارەدا
کۆمەڵ کۆمەڵ
دەیان دایکی عەبابەسەر
کوڕلەکێوان
ڕەش ئەچنەوە
بەبێدەنگی پاڵەپەستۆ و پەلەیانە
هاتوون تەرمی ئەم هەڵۆیە ببینن و بزانن کوڕی کامیانە

Kurdish_Poetry

٣٢٤٠

 

✓ شێرکۆ بێکەس

  • قاسملوو

ئەو لەناو
هەموو شتە جوانەکانا ئەتبینیيەوە
لە ڕێزەی بارانا باڵای
لە بۆنی باخانا قژی
لە لاسکی گژوگیادا پەنجەی
لە تاموچێژی ناو ڕۆحا قسەی
تۆ ئەگەر
ناوی گوڵەکانت بژماردایە
ئەو ناوی ڕەنگەکانی بۆ تەواو دەکردی
تۆ ئەگەر باسی ڕووبارت بکردایە
ئەو ئاوی سەرچاوە و
هاژەهاژی بۆ باس ئەکردی
تۆ ئەگەر بتوتایە
ئەم شەرابە چەند ئاڵە
ئەو ڕۆژی لەدایکبوونی پێ ئەوتی
تۆ ئەگەر بتوتایە
ئەم هاوارە چەند قووڵە
ئەو ناوی یەکبەیەکی
زامەکانی پێ ئەوتی
لەناو پێکەنینا
نوکتەیەکی ئێسکسووک بوو
لەناو گریانا مۆمێکی سەبووری

Kurdish_Poetry

٣٢٣٠

 

✓ شێرکۆ بێکەس

هەتا دڵنیاییی تەواو
لەناو دڵا ئارام نەگرێ
هەتا تیشکی سەرنجی چاو
ناخی دەروون تا بن نەبڕێ
هەتا تەواو لە دەسبڕین
نەکرێ نەفرین
هەتا ڕاستیی نیازێکی پاک
دیاری نەدا
کچ دڵی خۆی بە کوڕ نادا

Kurdish_Poetry

٣١٨١

 

✓ شێرزاد هەینی

شێرکۆ بێکەس وتی: لە سەردانێکم بۆ سلێمانی وتیان ئەمرۆ لە هۆڵی نەقابەی مامۆستایان کۆڕێک بۆ "هیمن"ـی شاعیر هەیە کە کامەران موکری پێشکەشی ئەکات. ساڵی ۱۹۷۷ بوو. ئەگەرچی سەردەمی ترس بوو؛ بەڵام خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون. منیش چوومە کۆڕەکە. من بووم و "حەمەی باقی" بوو و "ڕەئووف بێگەرد". کۆڕەکە دەستی پێ کرد و کامەران موکری لە سەرەتادا وتی من لە ڕێی ئەم شیعرەی "هێمن"ـەوە کە ئەڵێ:

گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لەدەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن

زۆرتر شەیدای شیعر بووم. ئینجا هێمن باسی ئەزموونی شیعری خۆیی کرد و گفتوگۆکان گەرم بوون و لێیان پرسی: شیعری کام شاعیرت بەدڵە و کام شیعر بەلاتەوە زۆر جوانترە؟ لەوێدا هێمن ئاماژەی بە شیعرێکی من کرد کە شیعرێکی ڕومانسیی ناسکی منە:

مەدالیای کەمانێکی بچکۆلانەت
دابوو لە سنگ
کە هاتوچۆت
بە بەردەمی مندا ئەکرد
گوێم لێ ئەبوو
کەمان ئەکەوتە لێدان و
ئەشمبینی مەمکەکانت
ورد ورد
سەمایان بۆ ئەکرد

هێمن گوتی ئەگەر شیعری نوێ ئاوا بێت من هەموو ڕوژێ ماچی ئەکەم ...

Kurdish_Poetry 

٣١٧٧

 

✓ شێرکۆ بێکەس

ئەتوانیت ڕوانینت بڕوێنی و سەوزیش بێ
بەو مەرجەی کە درەخت
ببێتە دڵدارت

Kurdish_Poetry 

٣١٦١

 

✓ شێرکۆ بێکەس

قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
گەردەلوولم ئەکاتە سەر
دێت و هەرچی خەمی جوانمە
دێت و هەرچی ئازاری چاوڕەشمە
ئەیفڕێنێ
لە دواییشدا منی عاشق
چۆن بەبێ ژان ببارێم و
تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان

قەت بە زەریایش نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
ئێرەیی ئەکاتە سەرم و
دێت و بەزۆر، سیحری ڕەنگی
چاوانی ئەو کچەشۆخەم لێ ئەسێنێ
لە دواییشدا منی شاعیر
چۆن بێ سیحری ئەو چاوانە
چۆن بێ قووڵیی ئەو چاوانە
شیعر ببێتە ئاسمانم
شیعر ببێتە ئەو گڕەی
ئەو دۆزەخەی
درێژە بات
بە سووتان و هەڵقرچانم

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٥٨

 

✓ شێرکۆ بێکەس

تاران پەچەی بە درەخت گرتەوە
عەبای دا بەسەر ئاوا و
جبەی کردە بەر جادە
عەمامەی کردە سەری باخچە
بەزۆر
ڕیشی بە گۆرانی هێشتەوە
کراسی عاشوورای کردە بەر شیعر و
مۆسیقای بێوەژن کرد و
ژیانی کرد بە پرسە

تاران بەدەم کەسەوە پێ ناکەنێ
بەدەم مەرگەوە نەبێ
ئەو خۆشی لە هیچ نابینێ
لە مەرگ نەبێ
ژنی ئەو، کوڕی ئەو، کچی ئەو
هەموویان ناویان هەر مەرگە و
ئەوەی لەوێ لەدایک نابێ ژیانە

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٤١

 

✓ شێرکۆ بێکەس

دەروونم دارستانێ بوو
هێندەی شەوانی تەنیاییم پان و بەرین
وەک مەراقیشم چڕوپڕ
ئێوارەیەک لە پەناوە
تیلەی چاوی شۆڕەژنێ
پریشکێکی تێ هاویشت و
من لەو ساوە
بەهەشتێکم ئەسووتێم و
بووم بە نیشتمانی ئاگر

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry