٢٩٩٧
✓ شێرکۆ بێکەس
ئەم کاتەت باش
من ناوم ”عەدالەتە”
لەسەر زەمین چاوێکی خوا و
دەستێکی خوام
ئەوەتەی هاتوومەتە ئەم نیشتمانەوە
کەس نامناسێ و کەس نامبینێ و
ئەوەی ناوی نەبێ منم
من لێرە تەنهام
”دادگەری” ئەو وشەیەی زۆرێک لە مرۆڤەکانی بەخۆیەوە گیرۆدە و سەرقاڵ کردووە، لە نەبوونی دادگەرییەش، ناهاوسەنگی ڕوو دەدات و جەمسەرەکانی مرۆڤایەتی تەواو لێک دەکشێن و لێکترازان دروست دەبێت و ئەمەش وا دەکات دیاردەی چینایەتی لەنێوان مرۆڤەکان بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت. چینی خوارەوە “کە چینی زۆرینەیە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کێشەی دادگەریاین هەیە” لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و چینەکەی دی “وەک بەرزەکی بابان” بزەی سمێڵیان بێت.
کاتێ “داد” چاوبەستەکیی لێ بکرێت و بۆ مەرامی تاکەکەسی بەکار ببرێت، لە کاتێکدا کۆمەڵێک کەسی پێوە پەیوەست بکرێت و وەک قسەی زل، سەرکردەکان بە گەلی بفرۆشنەوە، دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بکرێت، هەموو شتێک بدزرێت و کەسیش نەزانێت و کاتێکیش بزانرێت کە کار لە کار ترازاوە! ئەوسا سەر زەمین بۆگەن دەبێت و ئەوەی هەستی بۆنکردنی هەبێت لەم هەستە بێبەش نابێت و بۆنی درۆی بەرپرسەکان، وڵات سیخناخ دەکەن. کاتێ یاسادانەران، خۆیان یەکەم کەس بوون پێشێلی یاسایان کرد، ئەوسا بنیادنەرانی وڵات و نیشتمان، دەبن بە درۆزەکەر و چاوی کەسوکاریشیان دەبێت تەنها سەیر بکەن. "هەڵمەت عوسمان"