✓ شێرکۆ بێکەس
برای مرۆڤ منی درەخت هەتاکوو ئەمرم
بەری خۆشی و بەختیاری بۆ ئێوە ئەگرم
بۆ هەر وەرزێ بۆ هەر پلەی تەمەنێ کە دێ
جۆرێ تام و جۆرێ سوودی خۆمتان ئەدەمێ
لە کڕێوە و سەرماوسۆڵەی سەختی زستانا
کەڵەپشکۆی ئاگردانم لەناو ماڵانا
تینی گەرمام کڵپەی گڕی زوقمڕەوێنم
بۆ چیرۆکی داپیرە گیان هەر خۆم هەوێنم
هەر منیشم ئاگری نەورۆز دائەگیرسێنم
مژدەی بەهار بە گوێتانا زوو ئەچرپێنم
لەژێر سایەی دڵنیایی مندایە دڵدار
سکاڵاکەی هەڵئەڕێژێ بێ ترسی بەدکار
بۆ دیلانێی منداڵانتان پەت لە مل ئەخەم
لەگەڵیانا ئێم و ئەچم دڵخۆشیان ئەکەم
خۆشەویستی کوڕی لادێ و کیژی ناو شارم
چەپکی دڵخواز مایەی شادی خاڵەی جووتیارم
قرچەی گەرماش سێبەرێکم ڕێی هەتاو ئەگرم
ئارەقی پاش هیلاکبوونی ماندوێتی ئەسڕم
من کۆڵەکەی خانووبەرەی ژووری ژیانتم
گوڵی دەست و دەرگای کونجت و چرای گیانتم
تا تەورەکەت جێدەستەکەی تا کەشتیت منم
کە بوویت لانکم کە مردیشیت تەختەی شتنتم
قەڵەمی بیر گاڵۆکی شوان مێزی خوێندنم
بۆ شەوگاری پشوودانت تەختی نووستنم
نزای منیش پاڕانەوەی ڕوولەئێوەنان
هەر ئەوەیە هەڵی مەبڕن بۆم دەستی تاوان
مەیبڕنەوە چڵ و لقوپۆپم مەشکێنن
توخوا ئەگەر گەشەی ژینم لێ بشێوێنن
Kurdish_Poetry