✓ شێرکۆ بێکەس

شیعرەکانم کچێکیان کرد بە هاوڕێم.
ئەم کچە فریشتەی ئاوی بوو،
لە دوورگەی خەون و خەیاڵەوە هاتبوو،
نیوەی لەشی ماسی و
نیوەکەی تری ئادەمی بوو، ئەبریسکایەوە،
ئاوازێکی ئاڕووشەی داگیرساو بوو.
نەوڕەسێکی مێیینە بوو.
کە لێم پرسی تۆ خەڵکی کوێی؟ پرشنگی دایەوە و
وتی: «من خەڵکی نیشتمانی هونەرم
باوکم ناوی شیعرە و
دایکم ناوی مۆسیقایە و
هەر ئەوەندە لە ڕەچەڵەکی خۆم ئەزانم»!
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ ئاودا مەوجمان دایەوە.
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ سنەوبەرەکاندا سەمامان کرد.
لەگەڵ بادەدا
ماچی مانگەشەو و ڕوومەتی هەورمان کرد.
لەگەڵ گیتارژەنەکانی ناو کۆڵانی ئاودا
خۆشەویستیمان خواردەوە.
لەتەک ماسیگرەکاندا
لە قووڵاییی زەریا ورد بووینەوە.
لەتەک گەڕیدەکاندا
گۆرانیمان وت و عەشقنامەمان خوێندەوە.
لەسەر پەلکەڕەنگینە دیلانێمان کرد و
خۆمان لە ئەستێرکی خەرمانە هەڵکێشا
دوو کڵاوی پووشیی دەستکردمان کڕی و
لە دواییشدا دامان بەدەم جۆگەیەکەوە.

Kurdish_Poetry