٤٤١٥
✓ دەنگی کوردی
- دەنگ: عەدنان کەریم (1963)
- زاری (1905 - 1982)
تاقەتی بولبول لە حەد دەرچوو خودا بۆ گوڵ نەهات
مەرهەمی ئێش و فیراق و دەردەکانی دڵ نەهات
وا لە تاریکی شەوی هیجر و قوڕاوی مەینەتا
ماتڵم، بۆ ڕۆشنایی ئەختەری کامڵ نەهات
ئینتزاری خۆشە بۆ عاشق بەئوممێدی ویسال
مردم و ئارامی قەلبی زار و بێحاسڵ نەهات
تا لە پووشی دڵ گڕی شەوقی جەماڵت بەرنەبوو
مەنجەڵی سینەم بە زووخاڵی جیایی کوڵ نەهات
بۆ نەکەم شیوەن لەلای ئەو شۆخەوە تا ئەم دەمه
موژدەیێ بۆ ئیمتینانی قەلبی بێتامڵ نەهات
خۆ لەژێر بەفری فیراقا پووشی وشکی تەن ڕزا
ئەی خودا چ بکەم بەهاری عومری بێحاسڵ نەهات
قوڕ بە سەردا بۆ نەکەم لەو ڕۆژەوە دنیا هەیە
کاری هیچ کەس «زارییا» وەک کاری تۆ موشکڵ نەهات
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/12/16 ـدا کاتژمێر 21:26 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس