✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: موختار شەفیعی (1989)
  • شیعر: شاهۆ (1882 - 1971)

ڕەببی تۆ پشتوپەنامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
بەندە عەبدم، تۆ خوامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

شەرمساری بارەگاتم، ڕووم نییە سەر هەڵبڕم
خۆت کە بەخشندەی گوناهی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

موشکیلاتی دین و دنیام هەر بە لوتفت حەل دەبێ
ساحیب و موشکوڵگوشامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

خۆت حەکیمی ئاگەداری ئێش و ئازاری منی
داروویی دەردی شیفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

ماڵ و ڕزق و عومر و دەوڵەت، عیزەت و زیللەت هەموو
هەر بە دەس خۆتە نیزامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

گەر دەرم کەن بچمە کوێ لای کێ سکاڵای خۆم بکم
مەرجەعی لاڵە و تکامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

ڕووی دڵ و ڕۆحم لە تۆیە یا ئیلاهەلعالەمین
ڕەببی خۆت مەعبوودی عامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

بەندە هیوام گەر بە ڕەحمەت بێ لە کەس باکم نییە
لابەری جەور و جەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

عەبدی زاتی پاکی خۆتە ڕەببی «شاهۆ» ـی لانەواز
باعیسی خۆشی و سەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

Kurdish_Poetry