✓ بێخود
دیدەکەم لەو ڕۆژەوە من ئاشناتم ڕۆحەکەم
ئاشنایێکی بە گیان و دڵ فیداتم ڕۆحەکەم
پەڕتەوی ڕووی تۆم کە دی لەو ساوە وەک "روحُ البَيان"
هەر خەریکی سەیری سوورەی "والضُّحى"ـتم، ڕۆحەکەم
تا لە چاوی مورشیدی تۆ بەیعەتم وەرگرتووە
ڕۆژ و شەو مەجزووبی حەوشی خانەقاتم ڕۆحەکەم
دڵ ئەگەر مەفتوونی دانەی خاڵەکەی سەرگۆنەتە
خۆم ئەسیری پەرچەمی داوی بەڵاتم ڕۆحەکەم
تۆ کە لۆرتی حوسنی ئەمڕۆ فەرزە من بێبەش نەکەی
موستەحەققی ڕووت و موحتاجی زەکاتم ڕۆحەکەم
من بە قووتی وەسڵی ئێوارە و سبەینێی تۆ ئەژیم
توخودا تۆش نەیبڕی مووچە و بەراتم ڕۆحەکەم
شەو ئەزانی بۆ چی هەر دەور و خولی ڕووی تۆ ئەدەم
تا بزانی من کە پەروانەی چراتم ڕۆحەکەم
بشمرم خاکم لەپاش سەد ساڵ ئەڵێ وەک سامی نووح
ئەی مەسیحا چاوەڕێی یەک مەرحەباتم ڕۆحەکەم
تووشی تیغی نازی تۆ بووم تازە توخوا لێم گەڕێ
با شەهادەت بێ بە ئەسبابی نەجاتم ڕۆحەکەم
جائیزەی ئەم شێعرە نازدارانە «بێخود» عەرز ئەکا
کافییە بەم نەوعە لوتفت بۆ خەڵاتم ڕۆحەکەم
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry
3000