٢٩٥١
✓ بێخود
ئەی دڵ لە داخی ئەو مەهە بتلێ بە دەردەوە
بڕژێنە ئەشکی گەرم بەدەم ئاهی سەردەوە
دەرچوو بە داخی عەشقەوە ڕۆحی ڕەوانیان
فەرهاد بە بێستوونەوە، مەجنوون بە هەردەوە
گەر وەسفی گەنجی ڕوویی ببێ جارێ باخەوان
وێران ئەکا چەمەن بە هەموو دار و بەردەوە
شۆرێ بەیادی لێوی بڵێ ئەی "حەمەی عەلۆ"
ئەمما بە شێعری مونتەخەب و بەیتی فەردەوە
«بێخود» لەباتی سورمە لەسەر چاوی دائەنێ
ناڵی وڵاخی ئەو بە هەموو تۆز و گەردەوە
+ بڵاو کرایەوە لە 2018/2/8 ـدا کاتژمێر 21:44 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|