٢٩٠١
✓ بێخود
«بێخود» تا کەی خەریکی ئیشی قۆڕی
بۆ گرتنی ماسیی هەوا وەک تۆڕی
بۆ گۆڕی جیهان ئەگەر بە "بەهرام"ـیش بی
بەخوا قەسەم ئاخری ئەسیری گۆڕی
✓ بێخود
«بێخود» تا کەی خەریکی ئیشی قۆڕی
بۆ گرتنی ماسیی هەوا وەک تۆڕی
بۆ گۆڕی جیهان ئەگەر بە "بەهرام"ـیش بی
بەخوا قەسەم ئاخری ئەسیری گۆڕی
✓ بێخود
میرم هەتا وەفا و تەوازوع شیعارتە
یەزدان موعین و حیرزی دۆعای ئێمە یارتە
بولبول لە فیرقەتی گوڵە کەوتۆتە حەلوەلا
یا دەممە بەم بەیانییە وا بێ قەرارتە
شوکری خودا بە تیری توهەمتەن وەک ئەشکەبووس
سینەی عەدوو بە تێغی حەسادەت فگارتە
«بێخود» ئەسیری مەعریفەتت چۆن ئەبێ نەبێ
تۆیێ کە شێری بێشەیی عیرفان شکارتە
✓ بێخود
حەپس و عەزلی من لەسەر شانم ئەگەرچی برمەیە
چونکە ئەمری ئێوە بوو پاڵتاوی شاڵی تورمەیە
گەردی ڕێت تا کەی لە «بێخود» مەنع ئەکەی ئەی ماهی میسر
چاوی ئەم یەعقووبە موحتاجی جەواهیرسورمەیە
✓ بێخود
سەحەر سپیاوی ڕووی ساماڵی خورشید
شەفەق سووراوی گۆنەی ئاڵی خورشید
گوڵی بەیزا بەیازی باخی سینەی
شەوی یەلدا سەوادی خاڵی خورشید
بەهای کیشمیر و چاوجوانانی هیندە
گوڵی بادامی سوخمەی شاڵی خورشید
سوپیهری نازە ژێرپۆتینی باتەی
ستارە و ماهە مێخ و ناڵی خورشید
ئەکا دەفعی هەزار تا و لەرز و تیفووس
کەنینێکی جنێوی تاڵی خورشید
شەوێ نەمدی نەکا گەردوون بە سەد چاو
تەماشای پووڵەکە و دەسماڵی خورشید
ئەگەر ڕووی ماهی من ساتێ نەبینێ
ئەبێ ئاخۆ چ بێ ئەحواڵی خورشید
وەکوو لای ڕۆژپەرستان ئابڕووی برد
بە ئەستۆی بێ خوا ئۆباڵی خورشید
دڵا تا کەی لە گوڵزاری خەیاڵا
وەکوو شەونم ئەبی عەوداڵی خورشید
وەرە تۆش وێڵی شەوقی شەوڕەوی بە
کە بەو ڕەش بۆوە چاوی کاڵی خورشید
بە تێغی ڕەمز و ئیعجابی کەمەندی
مەهی شەق کرد و بەستی باڵی خورشید
فیدای ئەو پێشەوایەم ڕاخرابێ
لەبەر پێی جاهیا بەرماڵی خورشید
کەسێ باڵی مەلایک فەرشی ڕێی بێ
ئەبێ قەدری چ بێ سیپاڵی خورشید
هەموو بۆ گەرمیی بازاڕی ئەو بوو
موغازەی چەرخی پڕکووتاڵی خورشید
شوکر «بێخود» قیاس ناکرێ لەگەڵ پار
سوها لاڵانەوەی ئیمساڵی خورشید
✓ بێخود
عالم خوا نەکردە نەبێ ئەبنە گاو و کەر
بۆ دایک و خوشک و کچ کوڕ و باوک و برایی کورد
لەم دەشتی پڕ لە دێو و درنج و جنۆکەیە
وەک خدری زیندە وایە مەلای دینپەنایی کورد
بیللا مەلایە بۆ سەری ئەم قەومە چەتری دین
تەڵڵا عەسایە بۆ دەسی میللەت مەلایی کورد
✓ بێخود
ئەی خودا ئەی ڕافیعی نۆ سەقفی گەردوون بێ عەمەد
نیعمەتت بۆ ئێمە لايُحْصي سیفاتت لايُعَدّ
شُكرُ لِلّه تا دەوامی بێ لەگەڵ ڕۆحا جەسەد
پڕ زمان و دڵمە یا ڕەب قُلْ هُوَ اللّه أَحَد
زیکر و فیکری زاهیر و باتینمە اَللّه الصَّمَد
بێکەس و بێماڵ و جاهم يا رسول اللّه دەخیل
زۆر فەقیر و بێپەناهم يا رسول اللّه دەخیل
تۆی بە وەڵڵا خزری ڕاهم يا رسول اللّه دەخیل
ڕێگەلێونبووی گوناهم يا رسول اللّه دەخیل
وا لە دەشتی چۆڵی عیسیانا خەریک ماوم مەدەد
تێکەڵی دنیای دەنی عەقڵ و دیرایەت ون ئەکا
سەیری مەلها سینەمای چاکە و عینایەت ون ئەکا
تۆزی بێدینی عەجەب جادەی ویلایەت ون ئەکا
گێژەڵووکەی مەعسیەت ڕێگەی هیدایەت ون ئەکا
لَمْ يَلِدْ ڕۆشن کە بەرچاوم وَ لَمْ يُولَدْ مەدەد
غەیری تۆ نیعمەت بە کەس کام پادشای ذي شَأن ئەدا
تاج و نەجمەی لا و إلاّ بێ بەدەڵ نیشان ئەدا
ناوی تۆ سەروەت بە خاوەنئێش و بێئیشان ئەدا
نەفیی و ئیسباتە کە زیکری ڕێ بە حەق پیشان ئەدا
وا منیش ڕێبواری ئەو ڕێیەم خودا بمکەی بەڵەد
ئەو حەکیمانەی کە کەششافی هەموو وشک و تەڕن
مووشکافی نوقتەنوقتەی حیکمەتی بەحر و بەڕن
عالمی دانا گەر ئەهلی چاکە یا ئەهلی شەڕن
مەشریق و مەغریب لە دەرکی زاتی تۆ کوێر و کەڕن
لَمْ يَلِدْ وەڵڵا ئەزەل چەشتت وَ لَمْ يُولَدْ ئەبەد
«فەوزییا» وا ڕادیۆی لوتفی خودا بێ باتری
هاتە سەر ئیخباری عەفوی تۆ نیهان و زاهیری
تۆش لە غەزنەینی سەنادا لێ دە تەپڵی نادری
عاقیبەت محموودی کردی چونکە إخلاص ئاخری
لَمْ يَكنْ لَهُ کاری پێک هێنای لەگەڵ كفُوا أَحَد
✓ بێخود
بە دەشتی پڕجنوونی ئاخەوە مەجنوونی شەیدا خۆم
بە شاخی "بێستوون"ـی داخەوە "فەرهاد"ـی ڕیسوا خۆم
لە بازاڕی دڵا سووتا هەموو سەرمایەیی خۆشیم
لە یانەی دەست و پێ بەسراوییا بێ سوود و سەودا خۆم
لە حەوتخوانی تەلیسمی سەخڵەتی و زیندانی ماتەمدا
گەهێ کاووسی بێ تاوان و گاهێ بیژەنئاسا خۆم
منم هەر دوو دەسم لێ بوونە تیغی تیژی سەرهەنگان
بەدەس "ئەسکەندەر"ـی گەردوونەوە بێچارە "دارا" خۆم
لەبەر بای پێچەوانەی غەم لە هیچ لا ناگرم ئۆقرە
لە عەردی وشکی دووری جاویدانا مەوجی دەریا خۆم
لە ساحەی پڕ لە تۆز و گێژەڵووکەی دڵشکستیدا
بەدەم بای ئاهەوە هاوشانی دڕکوداڵی سارا خۆم
سەر و شانی دڵم پڕ بوو لە تاج و شیر و ڕوتبەی غەم
لە مشکۆی پایتەختی نامورادیدا شەهەنشا خۆم
گەهێ سەرگەشتەیی "مەلحە" و "قەراج" و "نەینەوا" و "پیرمەم"
گەهێ ئاوارەیی "هەولێر" و ڕێی "کەرکووک" و "بەغدا" خۆم
لە کەنعانی فیراق و جانگودازیدا وەکوو "یەعقووب"
لە "میسر"ـی ئیشتیاق و عیشقبازیدا "زوڵەیخا" خۆم
هیلاکی بازەکەی ئەوجی "عەبابەیلێ"ـی وەکوو "بەغدا"
پەشێوی شاهەکەی "ئەحمەد بڕندە"ـی وەک "بوخارا" خۆم
گەهێ دڵ چاکی تێغی زیهنی "شێخ عبد الکریم"، گاهێ
جگەر چاو پڕ لە ئاوی ڕۆژی عیلمی "کاکە بابا" خۆم
هەڵەستم دائەنیشم وێنەیانم هەر لەبەر چاوە
موریدێک و خەریکی ڕابیتەی دوو پیری دانا خۆم
بەهەشتی نیشتمانم بێ ئەوان لا ئاگری سوورە
لە شادی گیتییا دۆزەخنشینی شینی عوقبا خۆم
لە هیچ لا بێ بەها نابێ سەدەف پەروەردەیی ئیخلاس
لە بەحری بێ پەیی میهر و وەفادا دوڕڕی یەکتا خۆم
بە دەم دەننووکی چەرخی چنگ بە خوێنی دەردەوە «بێخود»
لە چۆڵی گەرمیانی بێنەواییدا حوبارا خۆم
✓ بێخود
لە ئەسبابی فەرەح ساڵۆنی بەزمت پڕتەدارەک بێ
شەوت ھەر ڕۆژ و ڕۆژت جەژن و جەژنت لێ موبارەک بێ
✓ بێخود
ئارەقم کرد و نەجاتی ھەر نەدام دەردی گوناح
لەرز و تاداری خەجاڵەت خۆم و ڕووزەردی گوناح
گەییە چەرخی مەعریفەت وێڵداشیی من خاکم بەسەر
من حەمامۆکێ ئەکەم ھێشتا لەسەر عەردی گوناح
مشتەتۆوێ دانەوێڵەی چاکە شک نابەم کەچی
دائیمەن ھەڵگێڕ و وەرگێڕی ئەکەم وەردی گوناح
وەک کەسێ لای دا لە ڕێ حۆلی بیابان وا منیش
نەفسی بەد پێم تەی ئەکا ئەم ھەرد و ئەو ھەردی گوناح
چوومە ناو بێشەی چوغوردی زۆر خیلافی شەرعەوە
قەت لە شێری حەق نەترسام وا ئەبێ مەردی گوناح
ھیچ کەسێ وەک من لە حەپسی شەشدەری یەئسا نەھێشت
ئاسمان وەختێ فڕێی دا بۆ زەمین نەردی گوناح
دەک فەڵەک دەستت شکێ بەر تیری قەھری حەق کەوی
ھەر وەکوو شووشەی منت وا دایە بەر بەردی گوناح
ئەی خودا گەر مشتوماڵی لوتفی تۆ چاری نەکا
ئەی خوا وەک خۆرە ئاوێنەی دڵم گەردی گوناح
دێڕبەدێڕ کەشکۆڵ و دیوانی ھەموو عالەم گەڕام
تیا نەبوو «بێخود» وەکوو من مونتەخەب فەردی گوناح