٣٥٩١
✓ بێخود
ئارامی جانە، مەحرەمی ڕازی نیهانە دڵ
یەعنی لەبەینی یار و منا تەرجومانە دڵ
دایم لە دەرکی سینە بەیادی برۆی نیگار
شمشێری وا بەدەستەوە وەک پاسەوانە دڵ
بێگانە بێتە ژوورەوە قەتعی سەری ئەکا
گەر یاری ئاشنایە ئیتر میهمانە دڵ
ئاخۆ بەیادی نێرگسی بیماری کێیە وا
ڕوخساری سووری زەردە، بەهاری خەزانە دڵ
بیماری نازی غەمزەیی چاوێکی قاتیلە
مەجرووحی مەوجی جەوهەری تیغی دەبانە دڵ
ئاخۆ لە حەسرەتی نەیی باڵایی کێیە وا
دایم خەریکی ناڵە و ئاھ و فوغانە دڵ
چەوتاوی باری فیرقەتی باڵایی دڵبەرە
پیرێکی بێعەسایە، ئەگەرچی جەوانە دڵ
لەوساوە شوغڵی ڕابیتەیی ڕوویی یار ئەکا
فکری ئەوەندە سافە وەک ئاوی ڕەوانە دڵ
بێ سوجدەیی هیلالی برۆی ئەو بەڕاستی
زەرد و زەعیف و زار و کەچ و ناتەوانە دڵ