✓ کەمالی (1886 - 1974)

وەکوو زوڵفی بتان شێواوە حاڵی دەرهەمی دنیا
هەموو کاتێکی مەحکوومی نەمانە عالەمی دنیا

دەوامی هیچ نییە هەر ڕۆژە جۆرێکە ئەگۆڕێ زوو
لەلای زانا وەکوو یەک وایە شادی و ماتەمی دنیا

ئەوەی دانایە وەک یەک وایە لای ئیقباڵ و ئیدباری
قەراری هیچ لەسەر بارێ نییە زۆر و کەمی دنیا

ئەگەر شەکرت بداتێ ژەهری تێدایە نەکەی بیخۆی
دەخیلم خۆت بپارێزە لە شەهدی پڕسەمی دنیا

کەمن ڕەند و قەلەندەرمەشرەبم فەرقی نییە هەرگیز
لەلام هەر وەک یەکە کاسەی کەل و جامی جەمی دنیا

ئەگەر ئەهلی دڵی تۆ گوێ لە ناڵەی سازی دڵ بگرە
«کەمالی» گوێ مەدە ئاوازەیی زیل و بەمی دنیا

Kurdish_Poetry