٤٦٠٩
✓ کەمالی (1886 - 1974)
شەوی دووریت ئەوەندە گریە و هاوار و شینم کرد
بە خوێنی ئاڵی چاوم ڕەنگی سەفحەی سەرزەمینم کرد
کە دیم ئادەم نەوەی وەک تۆ لە پشتی دێتە دنیاوە
سوجوودی ئادەمم برد ڕەجمی شەیتانی لەعینم کرد
مورادم مەدحی زوڵف و ڕووی نیگاری شۆخەکەی خۆمە
کە هاتم وەسفی ماچین و نیگارستانی چینم کرد
ژیانی تازەیی بەخشی بە من یارم کە ڕێگەی دا
شەوی وەسڵی تەوافی لێوی موعجیزئافەرینم کرد
کە دیم زونناری زوڵف و پەرچەمی وەک شێخەکەی سەنعان
قوبووڵی مەزهەبی تەرسا و تەرکی عەقڵ و دینم کرد
لەناو باخا چنار و سەرو و عەرعەر شەرمەزار مابوون
«کەمالی» من کە مەدحی بەژنی یاری مەهجەبینم کرد
+ بڵاو کرایەوە لە 2023/11/26 ـدا کاتژمێر 19:19 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|