٤٥٤٢
✓ کەمالی (1886 - 1974)
جانا! دڵەکەم بەندە بە حەڵقەی سەری گێسووت
سا مەیخەرە بەر زەربەیی شمشێری دوو ئەبرووت
میهرت لە دڵم زەحمەتە ئەی شۆخی پەریڕوو
دەرچێ مەگەر ئەو ڕۆژە کە وا ئەمخەنە تابووت
گیان و دڵ و ئارام و قەزا و خیرەد و هۆش
بردی بە جەفا دیدەیی پڕفیتنەیی جادووت
چەند شێری ژیانت بە فەنا دا بە نیگاهێ
سوبحانە لە دەست قووەتی شێرئەفگەنی ئاهووت
هەر چەندە کە وا تاقەتەکەم تاقە بەبێ تۆ
پەیوەستە دڵم ئێستە لەگەڵ دەرد و غەما جووت
تا بووم دڵ و دینم بە فیدا کرد و کەچی تۆ
هەر جەور و جەفات کرد لە هەقم گیانە هەتا بووت
ئەو دیدەیی فەتتانەیە باعیس کە «کەمالی»
پڕفیتنە و ئاشووبە هەموو عالەمی ناسووت
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2023/1/13 ـدا کاتژمێر 19:30 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس