✓ پیرەمێرد

ناوی تەواوی پیرەمێرد، تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە (١٨٦٧ – ١٩ـی حوزەیرانی ١٩٥٠) خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە هەڵقوڵاون و لەناو هۆنراوەکانیدا هۆنیونییەتەوە، ژمارەیان دەگاتە ٤٨٠٠ پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردنەوە. دوای کۆچی دواییی، کاکەی فەلاح کۆی کردوونەتەوە و ڕێکی خستوون و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ کراون.

وتیان بە ڕێوی شاهیدت کێیە؟
وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە

حەز دەکەی دوور بی لە گێرەوکێشە
بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە

لە شار و لادێ ئەم نەقڵە باوە
گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە

شەڕنەکەر پیشەی زوودانیشتنە
بەردی زل بەڵگەی نەهاویشتنە

مەشهوورە بزن بۆ تاقەشەوێ
جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ

شێخ ئەڵێ ئاگام لە عەرش و قورشە
کێت دیوە بە دۆی خۆی بڵێ ترشە

وا دامەنیشە تەمەڵ و بەتاڵ
تا نەگری، مەمک نادەن بە مناڵ

خۆت لێ نەگۆڕێ گەر بوویتە گەورە
مەشهوورە دنیا بە پێچودەورە

کێ باسی خەڵکی کرد بەلاتەوە
بۆ ئەوان قسەی تۆش ئەباتەوە

Kurdish_Poetry