٢٨٣٦
✓ شێرکۆ بێکەس
شەو بوو هەر پێشمەرگە و بەفر
بە بناری شاخەوە بوون
کە بەفر نووست
ئەوان وردورد هاتنە خوارێ
لە چوار لاوە هاتنە خوارێ
شەو بوو
لەبەر "دەرکی سەرا"
تەنها چەند سەگێکی خوێڕی و
دوو پیکابی زەرد ئەبینرا
شەو بوو
قرمژنی گوللە
گوێی گەڕەک و گۆڕەپان و سەرای کەڕ کرد
بارانی گڕ بەخوڕ دایکرد
لە چوار لاوە دەسترێژ و تەقە بڵاوە
لە ژوورەوە لە کونی کونی ژوورەوەی چەند ماڵێکدا
خائینەکان وەکوو جرجی زراوتۆقیو
وەک تووتەڵەی بەر بارانی لە سەرمادا لەشهەڵلەرزیو
خۆیان لەناو ئاودەسخانە و
ژێرزێرابدا حەشار داوە
لە چوار لاوە
دەسترێژو تەقە بڵاوە
لە "دارۆغا"
پێشمەرگەکان وەک ڕەوەیەک بەوری چاوتیژ
شارەزای کۆڵان و گەڕەک
بست بە بستی دابەش بوون و
ئەوسا هەر بۆ پەند و عیبرەت
کلکی چەند جاشێکیان بڕی
لە "ئازادی" دوو پیکابی زەرد وەکوو عار
زەرد، وەک سیمای هیتلەرەکەی شاری بەغدا
قینبارکردوو
چەند تەنێک تاوانهەڵگرتوو
دوو یەکانەی زامدار بوون و
تیژ ئەهاتن
لەناکاودا
لە پێچێکدا هەڵۆی سووریان بۆ دەرپەڕی
لوولەی سەرشانی گڕهاوێژ
دۆزەخێکی بۆ داخستن
تیا توانەوە و فریای دابەزین نەکەوتن
هەر ئەو شەوە لە "کانێسکان"
پێشمەرگەیەکی حەڤدەساڵ
لە بنکەدا ناویان نابوو "هەژاری زاڵ"
باریکەلە و لەشسووکەڵە وەکوو ئاسک
چاوشین وەکوو قوببەی ساماڵ
گەردی خەمێ لەڕووی نیشتوو
وەک باخی گوندێکی چۆڵبوو
لەو شەوەدا
دەمێ خێرا و دەمێ هێواش
جارێک قیت و هەندێ جاریش بە کۆمەکۆم
ئەچووە پێشێ
تا بگاتە سەر بەنگەڵەی دوژمنان و
بە نارنجۆک دایان بێژێ
لەناکاودا هەژاری زاڵ
کەوتە ناو تەلبەندی بۆسەی دوژمنان و
بە ئەڵقەیەک دەوری گیرا
هەژاری زاڵ بروسکە بوو
هاتە دەست و
لە گورگە کڵاوڕەشەکان چواری خست و
لە دواییدا شەهید کرا
هەر ئەو شەوە بێژنگی لاشەی بە زیلێکەوە
لە قاچەوە گرێ درا
بەسەر بەرد و درک و داڵدا، بە لیتاودا
بە قوڕاودا، ڕایان کێشا
هەر ئەو شەوە
لەشی سووری لەسەر تەختی مەیتخانە فڕێ درا
دوژمن وتی چەتەیەکە بێناوونیشان
بێدایکوباوک
بێکەسوکار
بۆ بەیانی کە خۆر هەڵات بینیان وا
لەبەر دەمی مەیتخانەی ئەم شارەدا
کۆمەڵ کۆمەڵ
دەیان دایکی عەبابەسەر
کوڕلەکێوان
ڕەش ئەچنەوە
بەبێدەنگی پاڵەپەستۆ و پەلەیانە
هاتوون تەرمی ئەم هەڵۆیە ببینن و بزانن کوڕی کامیانە
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry
ڤەژینبوکس