٢٦٩٩
✓ شێرکۆ بێکەس
پەریزادم!
من ئەمشەو ھاتوومە لات و
مەستی نەزانینی خۆمم
پەپووسڵێمانکەیەکم سەرخۆش
فڕینم لاسەنگ و نزم و
دەنگم قرتاو و خەونم قرچۆک.
من پەیامبەری ئازارە بڕۆنزییەکانی تۆم و
پۆستەی برووسکەی
ھەرگیز نەگەیشتووت.
من پەیامبەری ئازای ژێرکەوتووی تۆم و
قەڵغانی مێژووی لەدەستپەڕیو و
شمشێری نوشتاوەت!
من بکوژی ھەموو ئەو ڕووبارانەم
کە لە سەرچاوەی خوێنی تۆوە ھەڵقوڵین.
بکوژی ھەتاوی ڕوخسارت
بکوژی گوڵەگەنمی پەنجەکانت
بکوژی بارانە سەوز و سوورەکانت
بکوژی بەخت و بکوژی لەشت
پەریزادەکەم!
دە ئیتر بۆ دوودڵی و بۆ ڕاماوی
لەم شەوە شوومەدا، لەم شەوە بەدبینەدا، وەختێتی ڕابە و
عاشقە بکوژەکەت، دڵدارە چەقۆکەت، بارانە ژەھراوییەکەت
گوڵە دوژمنەکەت، کە منم من
بە سزای ئەبەدیی خۆشەویستیی بگەیەنە و
عاشقی نوێ و مێژووی نوێ و گوڵی نوێ بخوڵقێنە
+ بڵاو کرایەوە لە 2017/8/9 ـدا کاتژمێر 23:42 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس