✓ شێرزاد هەینی

شێرکۆ بێکەس وتی: لە سەردانێکم بۆ سلێمانی وتیان ئەمرۆ لە هۆڵی نەقابەی مامۆستایان کۆڕێک بۆ "هیمن"ـی شاعیر هەیە کە کامەران موکری پێشکەشی ئەکات. ساڵی ۱۹۷۷ بوو. ئەگەرچی سەردەمی ترس بوو؛ بەڵام خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون. منیش چوومە کۆڕەکە. من بووم و "حەمەی باقی" بوو و "ڕەئووف بێگەرد". کۆڕەکە دەستی پێ کرد و کامەران موکری لە سەرەتادا وتی من لە ڕێی ئەم شیعرەی "هێمن"ـەوە کە ئەڵێ:

گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لەدەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن

زۆرتر شەیدای شیعر بووم. ئینجا هێمن باسی ئەزموونی شیعری خۆیی کرد و گفتوگۆکان گەرم بوون و لێیان پرسی: شیعری کام شاعیرت بەدڵە و کام شیعر بەلاتەوە زۆر جوانترە؟ لەوێدا هێمن ئاماژەی بە شیعرێکی من کرد کە شیعرێکی ڕومانسیی ناسکی منە:

مەدالیای کەمانێکی بچکۆلانەت
دابوو لە سنگ
کە هاتوچۆت
بە بەردەمی مندا ئەکرد
گوێم لێ ئەبوو
کەمان ئەکەوتە لێدان و
ئەشمبینی مەمکەکانت
ورد ورد
سەمایان بۆ ئەکرد

هێمن گوتی ئەگەر شیعری نوێ ئاوا بێت من هەموو ڕوژێ ماچی ئەکەم ...

Kurdish_Poetry