٣٣٨٢
✓ شێرکۆ بێکەس
منداڵ بووم وەک گوڵی دارچووالەی یەکەم بەر
بچووک بووم وەک بەچکەمراوی
رۆژێکیان کتێبێ لە جانتای باوکمەوە سەری خۆیی دەرهێنا و پێ کەنی
پێی وتم حەز ئەکەم بمبینی، سەیرم کەیت
وای وت و دەستی خۆی دامە دەست
هەڵم گرت، بۆنم کرد، ماچم کرد، کردمەوە
وێنەیەک چاوانی ڕەشی خۆیی تێ بڕیم
وێنەیەک خاچەکەی خستمە ناو کەلەپۆی خۆیەوە
مارەکەی ترساندم
وێنەیەک وەک پڕژە
وەکوو تیشک
وەک هەوا هاتە ناو چاومەوە
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا ژاکام
من پێشتر گوڵباخی ماڵێ بووم
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا لێڵ بووم
من پیشتر بەفراوی شاخێ بووم
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا پەرت بووم
من پیشتر شەماڵی ئارامی دارێ بووم
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا سووتام
هەتاکوو ڕیشم هات
تا تووکی سەر سنگم درێژ بوو
من پیشتر منداڵ بووم، منداڵ بووم، منداڵ بووم
لە کوێوە وام لێ هات
لە کوێوە گەورە بووم
لە کوێوە، لە کوێوە
وێنەیەک ئاوا بوو
بەم جۆرە
سێدارە و پیاوێکی خنکاو و دوو قاچی ناو ئاسمان
وێنەیەک پەتێک و ملێکی شکاو و
دوو دەستی بەرەو خوار ڕاکشاو
وێنەیەک کەوایەک هەتاکوو خوار ئەژنۆ
لە دووریش سێبەر و تارماییی چەند کۆشک و خانوویەک
من حونجەی پیاوەکە و ناوم کرد
بەم جۆرە
ق ا ز ی م و ح ـە م م ـە د
ئەو ژاکانە بۆ هەوێنی گەورەبوونی
ژانەکانی دەوەنم بوو
ئەو لێڵبوونە بۆ هەوێنی قووڵبوونەوەی
نیگاکانی گێژەنم بوو
ئەو پەرتبوونە بۆ هەوێنی چڕکردنەوەی
ئاخەکانی بەندەنم بوو
ئەو سووتانە بۆ هەوێنی شینبوونەوەی
بەپیتتری دەغڵی وشە و
دەغڵی هزر و
دەغڵی سووری تەمەنم بوو
ئەو ڕیشە ڕیشی شیعر بوو
ئەو تووکە تووکی ئازار بوو
ئەو ملە ملی شاخێکم و
ئەو پەتە پەتی تاریکی و
ئەو کەوایە کەوای بەری مێژوویەکم و
ئەو دەستانە دەستی شەقام و ڕووبارم و
ئەو مردنە مردنێ بوو
بیرنەچوونەوەی ژیان و
لەدایکبوونەوەی تازەی
پێ نیشان دام