٣٧٩٢
✓ شێرکۆ بێکەس
لە ماڵەوەم
لەگەڵ تەنیایی دانیشتووم
نە ئەو ژنی هەیە و نە من
نە ئەو میوانی دێ و نە من
نە ئەو منەتی دنیا هەڵەگرێ و نە من
جاری وا هەیە، پێکەوە ئەنووسین و
پێکیشەوە دەس هەڵئەگرین
جاری وا هەیە من ڕقی هەڵەستێنم و
دەنگی ڕادیۆم
زۆر بە بەرزی ئەکەمەوە
جاری وایش هەیە ئەو تووڕەم ئەکات
کە ڕێ لە خەیاڵم ئەگرێ و
گران ئەیدا بە دەستەوە
یان هەر نایدا و قەڵەمم پێ فڕێ ئەدات
لە ماڵەوەم من ناجووڵێم
وەکوو ئەوەی بەهرەم کۆتاییی هاتبێ
وەکو ئەوەی تەڕاییی شیعرم نەمابێ
وەکو ئەوەی دڵی مەراقم وەستابێ
زمانم بیر چووبێتەوە
یاخود زمان، منی لەبیر چووبێتەوە
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/3/24 ـدا کاتژمێر 22:38 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|