✓ جەوهەری

هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم
هەتا ئەمجار دەیانبینم بە چاوانم خودا نەمرم

لە هیجرانی مەلا ساڵحی برام و دوو نەوەم دایم
بە چاوی پڕ لە فرمێسکم کوڵی گریان و شین دەگرم

بەئیزنی حەزرەتی شێخ چەندە پێم خۆشە بەدڵخۆشی
لە ورمێ سواری ماشین بم جەوازی ڕێگە وەربگرم

لە سابڵاغ و لە میاندواو و لە بۆکان تێ پەڕم یەکسەر
لە هیچ لایێ هەتا سەر مەرقەدانی باغچە خۆ نەگرم

لەنێو ئەو سێ خەلیفانە بەئیخلاس و بەهۆشیاری
لە ئەڕواحی ئەوان زاتانە فەیز و بەهرە وەربگرم

لە بەرپێی باب و دایک و ژوورسەری کاکە عەلی چەند ڕۆژ
بەگریان سەر لە سەر ئەو مەرقەدانە ساتێ هەڵنەگرم

بە چاوی پڕ لە ئەسرین دەست هەڵێنم ڕەببی ئەم جارە
بە ئیمانێکی زۆر کامیل بە لوتف و ڕوحمی تۆ بمرم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry