✓ جەوهەری
ئەرێ ئەی نەفسی بێ شەرم و حەیا تا کەی ھەوەسڕانی
ھەتا کەی غەفڵەت و سستی ھەتا کەی جەھل و نادانی
ھەتا کەی پێڕەوی شەیتان و ڕێگەی خوار و خێچ دەگری
ھەتا کەی سەرکەشی و فیسق و فجوور و کیبر و توغیانی
بە حەققی خواجەبابای سەماسیی و ئەمیرسەیید
بە عیززی شاھی نەقشبەند و بە قوربی غەوسی گەیلانی
بە حەققی شاھی عەتتار و بە یەعقووب و عوبەیدیللا
بە حەققی زاھید و دەروێش و باقی قوتبی ڕەببانی
بە حەققی عوڕوەتولوسقا بە سەیفوددین و سەییدنوور
بە ئەتواری حەبیبوڵڵا و مەزھەر جانی جانانی
بە حەققی شاھی دێھلی نووری سینەی حەزرەتی خالید
بە ساداتی کیرامی نەھریە و پیرانی عوسمانی
زەلیل و بێکەسم کەوتووم لەبەر دەرکی خودایی تۆ
گوناھم زۆرە بمبەخشە خوداوەندێکی مەننانی
بۆ خۆت فەرمووتە پەردەی عەیبی کەس ھەڵناگرم یا ڕەب
بپۆشە عەیبی ئەم بێچارە تۆ سەتتاری عەیبانی
بۆ خۆت فەرمووتە غەففاری زنووبی ئەھلی عیسیانم
ئەمن تۆبە ئەتۆ بمبەخشە بەخشەندەی گوناھانی
بە قوربی قابەقەوسەینی ڕەسوولانت بگە فریام
لە وەختی نەزعدا مەرگێ بەئیمان و بەئاسانی
خەجاڵەتباری قەبر و حەشر و میزانم نەکەی یا ڕەب
لە دنیا و ئاخیرەت ھەر تۆ خوداوەندێکی ڕەحمانی
لە سفرەی نیعمەتی خۆت «جەوھەری» بێبەش نەکەی یا ڕەب
کەریم و موحسین و موعتی وەدود و ساحیب ئیحسانی
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry